گۆڕانیان ئاگاداركردووەتەوە
كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح ئاگاداری پرۆژەكەی یەكێتی نین

کوردستان

15/01/2016‌ 6047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاگاداری ئەو پرۆژانە نین، كە حیزبەكەیان بەجیا داویەتی بەپارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان.

رۆژی دوو شەممەو سێ‌ شەممەی رابردوو شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەگەڵ شاندێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە، كە لەو كۆبوونەوانەدا شاندەكەی یەكێتی پرۆژەیەكیان دایە شاندەكانی، گۆڕان‌و پارتی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو یەكێتی دراوە بەشارپرێس، كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح ئاگاداری ناوەڕۆكی پرۆژەكە نین‌و پرسیشیان پێنەكراوە لەئامادەكردنی پرۆژەكە.

بەوتەی سەرچاوەكە، كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح وەڵامیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان ناردووە، كە وەك جێگرانی ئاگاداری ئەو پرۆژانە نین، دراوە بەگۆڕان‌و پارتی لەلەیەن یەكێتییەوە بۆ چارەسەری كێشەكان.

لەو بارەوە شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی زانیارییەكانی بۆ شارپرێس پشتڕاستكردەوەو وتی: بەو پێیەی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پرۆژەكە نەكراوە، بۆیە پێناچێت جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی ئاگاداری پرۆژەكە بن.

شاڵاو عەلی عەسكەری وتیشی: رەنگە لابەلا پرۆژەكەیان بۆ چووبێت، بەڵام بەدڵنیایی بەفەرمی ئاگاداری ناوەڕۆكی پرۆژەكە نین‌و كۆدەنگی مەكتەبی سیاسیشی لەسەر نییە.

بەپێی زانیارییەكان پرۆژەكەی یەكێتی خۆی لەچەند بوارێك دەبینێتەوە، كە گرنگترین تەوەری پرۆژەكەش دەستكاریكردن‌و دابەشكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان.

هــ . ح