په‌رله‌مانتارێكی پارتی: گۆڕان هانی خەڵک دەدەن بۆ کاری تێکدەرانە

کوردستان

17/01/2016‌ 1635 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
په‌رله‌مانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایده‌كات كه‌ حزبه‌كه‌یان بڕیاری لەبارەی گۆڕانەوە داوە تۆمه‌تباریشیان ده‌كات به‌وه‌ی هانی خەڵک دەدەن بۆ کاری تێکدەرانە لە کوردستان. 

عه‌ره‌فات که‌ره‌م ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی باسنیوز ده‌ڵێت "ئەگەری گۆڕان بەردەوام بێت لەسەر هەڵوێستی خۆی ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری لەبارەوە دەدات کە پێکهێنانەوەی حکوومەتە بەبێ بەشداری ئەوان، چونکە سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکەن و هانی خەڵک دەدەن بۆ کاری تێکدەرانە لە کوردستان، بۆیە گۆڕان هیچی نەهێشتووەتەوە تا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

به‌ وته‌ی ناوبراو "ئاگادارین بەشێکی زۆری هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان لەم سیاسەتە هەرزانەی گۆڕان نیگەرانن و ئەوەتا دەبینین دەست لەکارکێشانەوە لەناو گۆڕان زیادی کردووە و بەشێکی دیکەشیان چاوەڕوانی دەست لەکارکێشانەوەن".
 
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گۆڕان لە سیاسەتی خۆیدا دەیەوێت ئەوە لە خەڵک بگەیەنێت کە پارە هەیە و نادرێت بە خەڵک لەهەمان کاتدا بەیاریکردن بە هەستی خەڵکی دەیەوێ مەرامی خۆی بەڕێوە ببات.
د.ح