یەكێتی نەخشەڕێگەی بۆ رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ گۆڕان ئاشكرادەكات

کوردستان

18/01/2016‌ 1401 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەخشەڕێگەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكراكرد، كە بەپێی نەخشەڕێگەكە هەردوو حیزب كار بۆ یەكگرتنەوە دەكەن.

لەنەخشەرێگەكەدا باس لە"خاڵە هاوبەشەكانی" نێوان گۆڕان‌و یەكێتی كراون، كە بریتین لە "مێژووی هاوبەشی دامەزراندنی یەكێتی لەگەڵ یەكێتییەكانی جارانی ناو گۆڕان"، بۆیە پێویستە ئەو دوو حیزبە بەهۆی مێژووە هاوبەشەكەیان كاری پێكەویی بكەن.

هەروەها نەخشەڕێگەی رێككەوتنی سیاسی یەكێتی‌و گۆڕان، لەسەر بنەمانی "لێكتێگەیشتنی دەباشان، نووسراوە، ئەوەش بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی ئارامی نێوان هەردوو حیزب"، كە لەساڵی 2012 هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها لەنەخشەڕێگەكەدا ئاماژەش بەپێشكەشكردنی پڕۆژەی چوارقۆڵی بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كراوە، كە یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو، یەكێتی پێشكەشیان كردووە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ سەركەوتوویی كاری پێكەوەیی نێوان لایەنەكان.

هەر بەپێی نەخشەڕێگەكە، یەكێتی بەسێ ئاڕاستە كار بۆ رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ گۆڕان دەكات، كە ئەوانیش بریتین لە"ئامانجی نزیك، ئامانجی حیزبی هەردوولا، ئامانجی دوور"، كە دوای ئەمە ئەگەر خاڵەكان جێبەجێكرا، "متمانەو چالاكی هاوبەش ئەنجامدرا، زانرا زەمینەی یەكگرتنەوەی ڕاستەقنە ڕەخسێنراوە، ئەوە لەكاتی خۆی قسەی لەسەر دەكەن"، كە مەبەست یەكگرتنەوەی هەردوولایە.

هــ . ح