كۆسرەت رەسوڵ: پێویستە حكومەتی‌ هەرێم بە سیاسەتە ئابورییەكانی‌ خۆیدا بچێتەوە

کوردستان

18/01/2016‌ 2136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری‌ یەكەمی‌ سكرتێری‌ گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت كە پێویستە هەرچی‌ زوترە حكومەتی‌ هەرێم بە سیاسەتە ئابورییەكانی‌ خۆیدا بچێتەوە.


بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كە وێنەیەكی بۆ شارپرێس نێردراوە كۆسرەت رەسوڵ پێشوازی‌ كردوە لە فرانك بیكەر  باڵیۆزی‌ بەریتانیا لە عێراق.


لەدیدارێكدا كۆسرەت رەسوڵ رۆڵی‌ قارەمانانەی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستانی‌ لە روبەڕوبونەوەی‌ تیرۆریستانی‌ داعشدا بۆ باڵیۆزی‌ بەریتانیا شیكردەوە، كە توانیویانە شكست بەكارە تیرۆریستیەكانیان بهێنن و لە زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ كوردستان وەدەریان ناون.

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی داوای‌ یارمەتی‌ و هاوكاری‌ زیاتری‌ بەریتانیای‌ كرد بۆ هێزی‌ پێشمەرگە و چڕكردنەوەی‌ هەوڵەكانیان بۆ چارەسەری‌ كێشەكانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا لە پێناو گوزەرانی‌ هاوڵاتیاندا.

لە دیدارەكەدا كۆسرەت رەسوڵ جەختیكردەوە كە دۆخەكە زۆر ئاڵۆز بووە و هەرێمی پێویستی بە پشتیوانی‌ و هاوكاری‌ جددی‌ بەریتانیا هەیە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو دۆخەدا، چونكە بەوتەی ئەو  ژیان و گوزەرانی‌ كۆمەڵگەی‌ كوردی‌ بەئاقارێكی‌ زۆر هەستیاردا دەڕوات.


جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی وتیشی"پێویستە هەرچی‌ زوترە حكومەتی‌ هەرێم بە سیاسەتە ئابورییەكانی‌ خۆیدا بچێتە وە و چارەسەرێكی‌ بەپەلە و گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە".

س.هـ

بەپەلە