یەكێتی بەفەرمی داوای دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەپارتی دەكات

کوردستان

19/01/2016‌ 2091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەفەرمی داوای دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەپارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو پرۆژەی خستوویەتییە بەردەمی بۆ پێداچوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ ناوەڕۆكی ئەو پرۆژەیەی بڵاویكردووەتەوە، كە یەكێتی بۆ پێداچوونەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتیدا ئامادەی كردووەو پێشتر خستوویەتییە بەردەستی ئەو حیزبە.

لەبەشێكی پرۆژەكەی یەكێتی بۆ پارتی باس لەپێویستی دەستاودەستكردنی دەسەڵات كراوە، بەتایبەتی لەسەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان.

بەپێی پرۆژەكەی یەكێتی، دەبێت حیزبی یەكەم پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت‌و دووەم سەرۆك وەزیران‌و سێیەمیش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و حیزبەكانی تریش جێگرەكان‌و چەند وەزارەتێكیان پێبدرێت.

یەكێتی لەپرۆژەكەدا باسی لەوەش كردووە، كە قۆناغی "هاوپەیمانی ستراتیژی گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی‌و بۆیە پێویستە لەسەر چەند بنەمایەكی نوێ پەیوەندییەكانی نێ,ان هەردوولا دابڕێژرێتەوە".

هەفتەی رابردوو یەكێتی ئەم پرۆژەیەی خستە بەردەم پارتی‌و بڕیارە پارتی دیموكراتیش دوای تاوتوێكردن بەفەرمی وەڵامی یەكێتی نیشتمانی بداتەوە.

هــ . ح