كاردانەوەی قسەكانی كۆسرەت رەسوڵ بەردەوامە
بەرهەم ساڵح لەئەنجامدانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی پاشگەزدەبێتەوە

کوردستان

19/01/2016‌ 3677 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاردانەوەكانی قسەكانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەردەوامەو بەردەوامە بەرهەم ساڵحی جێگری سكرتێری گشتی ئەو حیزبەش بەهۆی ئەو كاردانانەوە لەئەنجامدانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی پاشگەزبووەتەوە.

رۆژی 2016/01/19‌ كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ شارپرێس ئەنجامدا، كە لەچاوپێكەوتنەكەدا باسی خراپی دۆخی ناوخۆی حیزبەكەی كردو ئەمەش كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەنوێترین كاردانەوەدا دوای گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەی كۆسرەت رەسوڵ، جارێكی تر باڵە ناكۆكەكانی ناو یەكێتی، لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی خۆیاندان‌و بۆ ئەو مەبەشتەش چەند گفتوگۆیەك كراوە.

هەروەها بڕیاربووە، كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بەرهەم ساڵح چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی ئەنجامبدات، بەڵام چاوپێكەوتنەكە نەكراوەو ناوبراو لەئەنجامدانی پاشگەزبووەتەوە، كە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، ئەنجامنەدانی چاوپێكەوتنەكە پەیوەندی بەو هەوڵانەوە هەیە دوای قسەكانی كۆسرەت رەسوڵ هاتووەتە پێشەوە بۆ چارەسەری كێشەكان.

كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنەكەدا رایگەیاندبوو "ناكرێت‌ چیتر  پەیڕەو شكێنی‌و قۆڕخكاری لەبڕیاردان‌و سیاسەتی یەكێتی بەردەوامبێت‌و كار بۆ بەبنەماڵەییكردنی بكرێت".

كۆسرەت رەسوڵ راشیگەیاندبوو "ئێستا بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی ئیفلیجكراوەو كاریان پێناكرێت، دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت زەمانەتی جێبەجێكردنی بڕیاری شەرعی یەكێتی بدرێت ئەوكات كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی جێگای خۆی دەگرێت".

بەوتەی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، ناكرێت كۆبوونەوەكان تەنیا ئامانج لێی پەردەپۆشكردنی كێشەكان‌و پێدانی شەرعییەت بێت بەم سیاسەتە نادروستانەی، كە ئێستا پەیڕەودەكرێن.

كۆسرەت رەسوڵ جەختیشیكردووەتەوە، كە ناكرێت‌ چیتر بێ‌دەنگ بین یەكێتیش بۆ مەرامی هەندێك كەس لاوازو بچوكبكرێتەوە، ئەگەر ئەوەش جێبەجێنەكرا ئەوە "ئێمە ناوەندی بڕیاردانی شەرعی دیاریدەكەین‌و بەپێی بەرژەوەندی یەكێتی كاردەكەین‌و چیتر وەزعی ئێستا قابیلی بەردەوام بوون نییە‌و بەدڵنیاییەوە قبوڵی ناكەین‌و بڕیاری خۆمان دەدەین".

ئەم قسانە لەكاتێكدایە ئێستا بارودۆخی سیاسی ناو یەكێتی بەقۆناغێكی پڕ لەكێشەدا تێدەپەڕێت، ئەوەش بەهۆی ململانێی نێوان باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی، كە بڕیارە لەكۆبوونەوە نائاساییەكەدا باسی كێشە ناوخۆییەكان بكرێت.

هاوكات دوێنێ‌ دوو شەممە چەند سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی نائاساییان ئەنجامدا، كە پەیوەندی بەقسەكانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی ئەو حیزبەوە هەبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، كۆبوونەوەكە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری سلێمانی ئەنجامدراوەو چەند ئەندامێكی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە بەشدارییان تێدا كردووە.

لێرە كلیك بكە بۆ بینینی تەواوی چاوپێكەوتنەكە: