سەركردەی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی تاوتوێی كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەیان دەكەن

کوردستان

19/01/2016‌ 2672 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردەی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەیان كۆبوونەوەیەكان ئەنجامداوەو كۆبوونەوەكەش بەكۆبوونەوەیەكی "ئیجابی" ناودەبرێت.

سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بەشارپرێسی راگەیاند "ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح‌و جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەتەوە".

بەوتەی سەرچاوەكە، كۆبوونەوەكەی نێوان كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بۆ تاوتوێكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بووەو "كۆبوونەوەكەش وەكو كۆبوونەوەی یەكەم ئیجابی بووەو هەموو لایەكیان ئامادەییان نیشانداوە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی".

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، لەكۆبوونەوەكەدا كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح، كە سەرۆكایەتی باڵێ‌ "ناڕازیی" یەكێتی دەكەن، داوایان لەهێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كردووە، كە سەرۆكایەتی باڵی "دەسترۆیشتووی" ئەو حیزبە دەكات، چەند مەلەفێكی گرنگی وەك مەلەفەكانی عێراق‌و هەرێم‌و نەوتی لایە رادەستی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات، چونكە بەوتەی ئەوان ناكرێت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەموو ئەو مەلەفانەی لابێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، جگە لەباسكردنی ئەو مەلەفانە باسی چەند مەلەفێكی تریش باس كراوە، بەتایبەتی ئەو مەلەفانەی بوونەتە هۆی كێشەكانی یەكێتی. 

ئەم كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی رۆژ بەرۆژ روو لەقووڵبوونەوە دەكات، لەگەڵ قووڵبوونەوەی كێشەكانیش لەنێوان باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی چەند رۆژێكە هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ چارەسەری ئەو كێشانە.

هــ . ح 

بەپەلە