پارتی دەست بەهەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەرلەمان‌و حكومەت دەكات

کوردستان

21/01/2016‌ 3155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان دەست بەهەوڵەكانی دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و حكومەتی هەرێم بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی پارتی دراوە بەشارپرێس، بڕیارە بەم نزیكانە مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆببێتەوە، هەروەها دوای كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ لایەنەكان شاندێكی پارتیش لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، شاندەكەی پارتی بۆ پرسی چارەسەری كێشەكانی حكومەت پەرلەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە، كە ئێستا بەجۆرێك لەجۆرەكان كارەكانیان پەكیكەوتووە.

كارەكانی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم لەمانگی 10 ساڵی رابردووەوە، بەهۆی كێشەكانی نێوان پارتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان پەكیكەوتووە، كە ئێستا سەرۆكی پەرلەمان‌و چەند وەزیرێكی لەپشكی گۆڕان لەپەرلەمان‌و حكومەت دوورخراونەتەوە.

سەرچاوەكە بۆ شارپرێس ئەوەشی ئاشكراكرد، كە پارتی نایەوێت دۆخی پەرلەمان‌و كوردستان بەو شێوەیە بەردەوامبێت، بۆیە دەیەوێت لەگەڵ لایەنەكان ئەو پرسە چارەسەربكات‌و یەكلایبكاتەوە لەماوەی داهاتوو.

بەوتەی سەرچاوەكە، تائێستا میكانیزمێكی دیاریكراو نییە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام ئامانجی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان بۆ دیاریكردن‌و دۆزینەوەی میكانیزمێكە بۆ چارەسەری كێشەكانی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

ململانێكانی پارتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و چەند پرسێكی ترە، كە بەهۆی ململانێكانەوە پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندووەتەوەو بەو هۆیەشەوە رێگەی لەسەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانی گۆڕان دەگرێت بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان لەحكومەت‌و پەرلەمان.

هــ . ح