جەعفەر شێخ مستەفا: ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن هەڵوێستێكی ترمان دەبێت

کوردستان

24/01/2016‌ 5477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ئێستا ئەم بارودۆخەی قبوڵكردووە، جەختیش دەكاتەوە كە دوای شەڕی داعش هەڵوێستێكی تریان دەبێت.

جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بەرپرسی هێزەكانی 70ی ئەو حزبە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی حزبەكەی راگەیاند"لەدوای راپەڕینەوە هەتا ئێستاش، هێزی پێشمەرگە پشووی نەداوەو هەمیشە لەسەنگەردا بووەو لەڕاپەڕاندنی ئەركەكانی، بۆ پاراستنی ئەزموونی كوردستانو دەستكەوتەكانی درێغی نەكردووە، هێزی پێشمەرگە،بەبێ سڵەمینەوە، خۆڕاگرانە بەردەوام لەسەنگەردابوونو مێژووی شاهێدی قارەمانێتییەكانیانە".

بەرپرسی هێ.ەكانی 70ی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكردوە كە لەدوای دروستبونی داعشەوە هێزی پێشمەرگە هەر بەزوویی رووبەڕووی تیرۆریستان بۆوەو توانی هێڵی بەرگری لەخاك و خەڵكی كوردستان دروستبكات، جەختیشیكردەوە كە نەك هەر رێگەیان نەداوە داعش و دوژمنان بێنە پێشەوە، بەڵكو بەوتەی ئەو بەرگریشیان لەخاكی ناوچە دابڕێندراوەكان و خەڵكەكەشی كردوەو پاراستویانن.

جەعفەر شێخ مستەفا جەختیشیكردەوە كە دەبێ سەركردایەتی سیاسی كوردستان بزانن، بەخوێنی پێشمەرگە، توانراوە پارێزگاری لەدەستكەوتەكان و ئارامی و ئازادی ئێستای كوردستان بكرێت.

بەرپرسی هێزەكانی 70ی یەكێتی وتیشی"هەر لەشەنگال هەتا دەگاتە خانەقین، داوای بەپەلەی چارەسەری سیاسی بۆ كێشەو گرفت و قەیرانەكان دەكەین، چونكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە ئێستا ئەم بارودۆخەی قبوڵكردووە، بەهۆی شەڕی داعشەوەیە، بۆیە ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێت، ئەوا دوای شەڕی داعش هەڵوێستێكی ترمان دەبێت".

 سەبارەت بە كێشەكانی حزبەكەشی جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەی خستەروو كە بەهەمانشێوەی هێزی پێشمەرگە چۆن پتەوی‌و یەكڕیزی سەنگەرەكانی پاراستووە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتیش یەكێتیی ناو یەكێتیی بپارێزنو گیانی تەباییو هەڤاڵانە گەشەپێبدەن.
س.هـ
.