تەوقەكەی كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم دۆخی یەكێتی دەگۆڕێت

کوردستان

25/01/2016‌ 1871 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەوقەیەكی نێوان كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە، دۆخی كێشەكانی ناو یەكێتی دەگۆڕێت.

ئێوارەی دوێنێ‌ یەك شەممە كۆسرەت رەسوڵ، كە سەركردایەتی "باڵی ناڕازیی" یەكێتی دەكات، بەئامادەبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كە سەركردایەتی "باڵی ناڕازیی" ئەو حیزبە دەكات، لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و فەرماندە سەربازییەكانی ئەو حیزبە كۆبووەوە.

لەدوای كۆبوونەوەكە لەناو میدیاكانی یەكێتی وێنەیەكی كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوكرایەوە، كە تێدا دەردەكەوێت سەركردەی ئەو دوو باڵە ناكۆكەی ناو یەكێتی تەوقە دەكەن، كە ئەم تەوقەیە ئاراستەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی دەگۆڕێت.

بەوتەی سەرچاوەیەكی بەشداربوو لەكۆبوونەوەكە هەردوو سەركردەكە لەسەر داوای ئەندامانی بەشداربوو لەكۆبوونەوەكە تەوقەكەیان كردووە، ئەوەش وەك نیشاندانی رەزامەندی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی.

هەر بەوتەی سەرچاوەكە، هەریەكە لەكۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كە وەك دوو سەركردەی ناو یەكێتی كێشەیان لەسەر چەند پرسێكی ناو حیزبەكەیان هەیە، لەكۆبوونەوەكەدا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ چارەسەری كێشەكان.

هەروەها هەریەكە لەجێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوای پاراستنی "یەكێتی ناو یەكێتی"یان كردووەو بڕیارە كۆبوونەوەكانیشان بەردەوامبێت بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئەم كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە، كە ماوەیەكە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی رووی لەقووڵبوونەوە كردووە، بەشێوەیەك ئەگەری لێكترازانی ناوخۆیی ئەو حیزبەی لێدەكرا.

هــ . ح