هێڵی سوور لەسەر كەس نایەڵێت
پارتی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم نەرمی دەنوێنێت

کوردستان

27/01/2016‌ 3715 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم نەرمی دەنوێنێت‌و بۆ ئەو مەبەستەش هێڵە سوورەكان هەڵدەگرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، ئەو نەرمی نواندنەی پارتی لەمیانی كۆبوونەوەیان بووە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی، كە شەوی رابردوو بەڕێوەچوو، تێدا بە بەرپرسانی یەكێتیان وتووە، ئامادەن بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم.

هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی بە بەرپرسانی یەكێتیان وتووە، بۆ چارەسەری كێشەكانیش هێڵی سووریان لەسەر كەس نییەو جەختیشیانكردووەتەوە، كە دەبێت كێشەكان چارەسەربكەن.

ئەم هەڵوێستەی پارتی لەكاتێكدایە پێشتر بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی هەرێم‌و كێشەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان چەند مەرجێكی دانابوو، بەوەی نابێت جارێكی تر یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لەپشكی گۆڕان وەك سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە هەولێر، كە گۆڕانیش ئەوەی رەتدەكردەوە.

كێشەكانی هەرێم بەهۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، كە لەمانگی 10 ساڵی رابردووەوە قووڵبووەتەوەو بەو هۆیەوە رێگری لەسەرۆكی پەرلەمان دەكرێت بگەڕێتەوە هەولێر بۆ سەر كارەكانی.

هــ . ح