نەوتی‌ فرە خاوەن‌و شاری‌ بێخاوەن
كەركوك نەوتەكەی‌ هەناردە دەكرێت‌و پارەكەی‌ پێنادرێت

کوردستان

29/01/2016‌ 1619 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
كەركوكییەكان باش ئاگاداری‌ ئەوەن كە رۆژانە بڕێكی‌ زۆری‌ نەوتەكەیان دەفرۆشرێت، بەڵام نازانن چارەنووسی‌ پارەكەی‌ چی‌ بەسەردێت.

وەك هەموو دۆسێكانی‌ تر چارەنووسی‌ داهاتی‌ كەركوك لەنێوان هەردوو حكومەتی‌ بەغداو هەولێردا شوێن بزرە، رۆژانە بڕێكی‌ زۆری‌ نەوتی‌ ئەو شارە هەناردەی‌ دەرەوەی‌ عێراق دەكرێت، كەچی‌ هیچ پشكێكی‌ ئەو پارەیە بۆ كەركوك ناگەڕێتەوە.

نزیكەی دوو ساڵ‌و نیوە ئیدارەی كەركووك هیچ پارەیەكی پترۆ دۆلاری لەحكومەتی عێراق وەرنەگرتوە، بۆیە بەرپرسانی پارێزگاكە دەیانەوێت لەرێگایەكی دیكەوە پارە پەیدا بكەن‌و داوای پارەی پترۆ دۆلار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بەرامبەر ئەو بڕە نەوتەی كە لەمانگی‌ تەمووزی‌ ساڵی‌ 2014ەوە  لەلایەن هەرێمەوە دەفرۆشرێت، بەڵام بەهۆی‌ ئەوەی‌ حكومەتی هەرێم لەقەیرانی داراییدایە، داواكارییەكانی‌ ئیدارەی‌ كەركوك‌و هاوڵاتیان بێ‌ وەڵام ماوەتەوە.

بەپێی‌ رێكەوتنی‌ نێوان بەغداو هەولێر، دەبێت هەرێمی‌ كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی‌ هەرێم‌و 300 هەزار بەرمیل نەوتی‌ كەركوك لەڕێگەی‌ بۆری‌ نەوتی‌ كوردستان - جەیهانی‌ توركی‌ هەناردە بكات‌و داهاتەكەی‌ رادەستی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆ بكرێت‌و لەوەش  بودجەی‌ لە17% هەرێم‌و بودجەی‌ پترۆ دۆلاری‌ كەركوك خەرجبكرێت.

بەڵام وەك ئەحمەد عەسكەری‌ سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و گاز لەئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند بەهۆی‌ ناكۆكی‌و ململانێكانی‌ نێوان هەردولا داهاتی‌ كەركوك دیارنییە‌و وتی‌ "ئێمە رازی نین بەو سیاسەتی‌ ئێستا فرۆشتنی‌ نەوتی‌ كەركوك لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە، چونكە بڕی‌ هەناردەكراوی‌ نەوتی‌ كەركوك نازانین چەندەو بەغدادیش بودجەی‌ كەركوك نانێرێت".

عەسكەری‌ وتیشی‌ "پێش هێرشەكانی‌ داعش، بەغدا  پارەی پترۆ دۆلاری نیوەی‌ ساڵی‌ 2013و كۆی‌ ساڵی 2014 لەلایەو نەیناردووە، ساڵی‌ 2015یش  نەوتی كەركووك لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە بەسەربەخۆ فرۆشراوە، بەڵام هەردوو حكومەت پێمان نەڵێن بودجەی‌ كەركوك لای‌ كێیە".

پارێزگای كەركووك لەنیوەی دووەمی ساڵی 2013ەوە زیاتر لە 200 ملیار دیناری پارەی  پترۆ دۆلاری لەلای بەغدایە كە ئەو كات بەپاساوی‌ ئەوەی‌ بانكەكانی‌ عێراق پارەی‌ تێدا نەماوە بودجەی‌ كەركوكی‌ نەنێردراوە،  لەساڵی 2014شدا بەغدا 687 ملیار دیناری پترۆ دۆلار كە پارەی تەواوی ساڵەكەیە قەرزداری كەركووكە، هەروەها لە ساڵی‌ 2015 نزیكەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو پارێزگایە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كراوە كە دەگاتە نزیكەی‌ 200 ملیۆن دۆلار بەو پێیەی‌ لە پرۆژە بودجەی ساڵی 2015ش پارەی پترۆ دۆلاری هەر بەرمیلێك نەوت دوو دۆلار دیاری كرابوو كە ئەویشی‌ وەرنەگرتووەو نازانرێت چارەنووسیان بەچی‌ دەگات.

جەمال مەولود سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌ لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بە"نیقاش"ی‌ وت "ئیدارەی‌ كەركوك تەنها بەو دوو ساڵ‌و نیوە  نزیكەی‌ ترلیۆنێك‌‌و 100 ملیار دینار لەسەر پڕۆژەكانی ساڵانی رابردو قەرزارە، ئەم قەیرانەش درێژەدەكێشێت بۆ ساڵی 2016 ئەگەر ئەو بودجەیەی‌ لای‌ حكومەتی‌ ناوەندو هەرێمە بۆ كەركوك نەینێرێت".

پارێزگای كەركووك خاوەنی پێنج كێڵگەی نەوتییە كە سێ لەو كێڵگانە لەژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای نەوتی باكووردان‌و بریتین لەكێڵگە نەوتییەكانی (جەمبورو خەبازەو بابەگوڕگوڕ) هەروەها دوو كێڵگەی دیكەش (بای‌ حەسەن‌و هاڤانە) لە ژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان، نەوتی هەر پێنج كێڵگەش لەرێگای بۆڕی نەوتی كوردستان – جەیهان هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت.

كۆمپانیای نەوتی باكوور لەو كێڵگانەی كە كاری تێدا دەكات رۆژانە 145 -150 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی بۆڕی نەوتی كوردستانەوە هەناردە دەكات، ئەو كێڵگانەشی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڕێوەیان دەبات، رۆژانە 210 -250 هەزار بەرمیل نەوتیان لێ‌ هەناردە دەكرێ‌، بەمەش ئێستا ئەو پارێزگایە نزیكەی 340 - 400  هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات.

وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێم لەراپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات حكومەتی‌ هەرێمی كوردستان لەمانگی‌ 12ی‌ ساڵی‌ 2014ەوە بڕی 18 ملیۆن‌و 105 هەزارو 734 بەرمیل نەوتی‌ خاوی‌ فرۆشتوە، واتە رۆژانە 584 هەزارو 56 بەرمیل بووە، هەروەها لەو بڕەیەدا كێڵگە نەوتیەكانی‌ كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور لەو مانگەدا 4 ملیۆن‌و 601 هەزارو 198 بەرمیل نەوتیان فرۆشتوە كە رۆژانە بڕی‌ 148 هەزارو 426 بەرمیل دەكات بەشداریان كردوە، بێ‌ ئەوەی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەكان ڕوونی‌ بكاتەوە مەبەست لەكام كێڵگە نەوتیەكانی‌ كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكوورە.

سەرچاوەیەكی‌ بەرپرس لەوەزارەتی‌ سامانە سروشتیەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێم بە"نیقاش"ی‌ وت "حكومەتی‌ هەرێم كێڵگە نەوتیەكانی‌ هاڤانەو بای‌ حەسەن بەموڵكی‌ خۆی‌ دەزانێت بۆیە لەراپۆرتەكانی‌ جیای‌ دەكاتەوە لەكێڵگە نەوتیەكانی‌ جەمبورو باباگوڕو خەبازە".

ژمارەیەك‌ لەهاوڵاتیانی كەركوك لەرێگی گرووپی فشارەوە بەدواداچوون بۆ بودجەی كەركووك دەكەن‌و پەنجەی‌ تۆمەت رادەكێشن بۆ حكومەتی ناوەندو هەرێم‌و پارێزگاری كەركوك، بەو پێیەی‌ نەوتی كەركوكیان كۆنترۆڵ كردوەو داهاتی پارێزگاكەش ونە.

ئەدهەم جومعە ئەندامی گروپی هەڵوێست بەرانبەر بەنەوت (گروپێكی مەدەنیەو ماوەی دوو مانگە دروست بووە) بە"نیقاش"ی وت "تاكو ئێستا حكومەتی‌ هەرێم‌و ناوەند‌و پارێزگاری‌ كەركوك وەڵامی‌ داواكارییەكانی‌ ئێمەیان نەداوەتەوە سەبارەت بەوەی‌ داهاتی‌ كەركوك لەگیرفانی‌ چی‌ لایەنێكدایە، بۆیە گومانێك لای‌ هاوڵاتیان دروست بووە ڕێكەوتنێك هەبێت بۆ شاردنەوەی‌ بودجەی‌ پتیرۆ دۆلاری‌ كەركوك".

ئەدهەم جومعە وتیشی‌ "ماوەیەك مۆڵەتمان داوەتە پارێزگاری‌ كەركوك كە بێدەنگی‌ لەسەر ئەم پرسە بشكێنێت، ئەگەر وەڵامی‌ نەبێت خۆپیشاندان دەست پێدەكەین‌و هەوڵی‌ ڕاگرتنی‌ نەوتی‌ كەركوك دەدەین".