پارەی ژێرزەمینەكان.. حیزبی ملیاردێرو حكومەتی موفلیس

کوردستان

29/01/2016‌ 3663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: پاسەوان
راپۆرتی شیكاری: محەمەد ڕەئوف 
ئەگەرچی لە ئێستادا حكومەتی هەرێم بەتەواوی ئیفلاسی كردووەو توانای دابینكردنی موچەو خەرجییەكانی دیكەی نەماوە، بەڵام هەمو روانینەكان بەو ئاراستەیەن كە بەرپرسانی هەرێم پارەیان هەیەو حیزبە باڵادەستەكانی كوردستان خاوەنی ملیاران دۆلارن‌و لە بانكەكانی رۆژئاوادا هەڵیانگرتووە. 

بەو پێیەی لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە نیسانی 2003 و چونی كورد بۆ بەغداد، پارەیەكی زەبەلاح هاتە هەرێمی كوردستان و دەستی حیزبە باڵادەستەكانەوە. بەتایبەتیش لەدوای ساڵی 2004 و دیاریكردنی پشكی لە 17%ی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێڕاق، ئەو بودجە زەبەلاحە وای كرد هەرێم بە شێوەیەكی هەڕەمەكیی بودجەكەی تەخشان و پەخشان بكات بە جۆرێك لە ساڵاَنی 2004ەوە كە بودجە لەبەغدادەوە هاتوە بۆ هەرێم زیاتر لە  75 ملیار دۆلار لە بەغدادەوە هاتۆتە هەرێمی كوردستان. 

هەرچەندە نوری مالیكی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند لە 2004 تا 2014 بودجەی عێڕاق 710 ملیار دۆلار بوە و 119 ملیار دۆلاری نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان  

لە ساڵی 2004 دا دو ملیار و 330 ملیۆن دۆلار لە بەغدادەوە گەیشتۆتە هەرێم، لە 2005 بڕی سێ ملیار و 124 ملیۆن دۆلار لە بەغدادەوە گەیشتۆتە هەرێم، لە 2006 بڕی سێ ملیار و 560 ملیۆن دۆلار لە 2007 بڕی  شەش ملیار و 539 ملیۆن دۆلار، لە 2008 بڕی  8 ملیار و 258 ملیۆن دۆلار لە 2009 بڕی نۆ ملیار دۆلار  لە 2010 بڕی 10 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار لە 2011 بڕی نۆ ملیار و 166 ملیۆن دۆلار، لە 2012 بڕی 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، لە 2013 بڕی  12 ملیار دۆلار هاتۆتە هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە كە كۆی گشتیی دەكاتە 74 ملیار و 877 ملیۆن دۆلار. 

 لە 2014ش بڕی زیاتر لە 14 ملیار دۆلار پشكی هەرێم بوە، بەڵام بە هۆی كێشەی هەولێر وبەغدادەوە تەنها یەك مانگی گەیشتە هەرێم، ئەمە جگە لە داهاتی خاڵە سنورییەكان و بودجەو داهاتی ناوخۆی هەرێم.

بەڵام ئەو بودجە زەبەلاحەی كە نوری مالیكی باسیدەكات و زیاتر لە 119 ملیار دۆلار بوە لە ماوەی 10 ساڵدا لە بەشە بودجەی 17% و پشكی هەرێم لە بوارەكانی دیكە هاتۆتە هەرێم، خۆ ئەگەر ئەو پارە زەبەلاحە موچەی فەرمانبەرانی لێدەربكەی كە دەكاتە 120 مانگ كە مانگانە ئەگەر 500 ملیۆن دۆلار درابیت بە موچە پێشتر ژمارەی موچەخۆران ناگەیشتە یەك ملیۆن، لە ئێستاشدا یەك ملیۆن و 395 هەزار موچە خۆرە ئەوا لە ماوەی ئەو 120 مانگەدا بڕی  60 ملیار دۆلار دراوە بە موچەی موچەخۆران. 

ئەگەر 30 ملیار دۆلاریش درابێت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و خەرجیی وەزارەتەكان  ئەوا 29 ملیار دۆلار دەمێنێتەوە تەنها لە بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد، ئەمە سەرەڕای پارەی گومرگەكان كە لەو 10 ساڵەدا زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە و داهاتەكانی دیكەش بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەوا روندەبێتەوە كە چەندێك پارەی هەرێم دیار نییە،   

بودجەیەكی زەبەلاح  بۆ ژێرزەمینی حیزبەكان  
گەر شیكارییەكی ورد بۆ بودجەی هەرێم بكرێت ‌لە رابردودا، زۆر بەئاسانی روندەبێتەوە كە پشكی گەورەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ حیزب بوە نەك فەرمانبەران و وڵاتییانی هەرێم و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و بونیادنانی ژیرخانی ئابوریی. لە ساڵی 2004‌وە تا سەرەتای ساڵی 2010، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌ و پارتیی دیموكراتیی كوردستان مانگانە هەریەكەی 35 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردوە، دیارە بە ‌گوتەی عەدنان موفتیی سەرۆكی پێشوتری پارلەمانی كوردستان. 

‌واتا بە هەردو حیزبەكە مانگانە 70 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردوە، بەو پێیەش ساڵی 840 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردوە، بە شەش ساڵەكەش  5 ملیار و 40 ملیۆن دۆلار، لەساڵی 2004، كە بودجەی هەرێمی كوردستان  دو ملیار و 330 ملیۆن دۆلار بوە، یەكێتی ‌و پارتی لە كۆی بودجەی ئەوساڵە، لە 36% ی بودجەكەیان بۆخۆیان بردوە، ئەگەر كۆی ئەو شەش ساڵە بخرێتەڕو، واتە لە ساڵی 2004 تا 2010 ، یەكێتی‌و پارتی پێنج ملیار و 40 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردوە، كە نزیكە لە بودجەی هەندێك وڵات، سەرەڕای ئەوەی كۆی بودجەی ساڵی 2004‌و 2005ی هەرێمی كوردستان پێنج ملیار و 454 ملیۆن دۆلار بوە، واتا یەكێتی و پارتی بەو شەش ساڵە بە قەد بودجەی دو ساڵی هەرێمی كوردستان پارەیان بۆ خۆیان بردوە.

پارەی ژێرزەمینەكان لە كوێیە؟
نەبونی چاودێریی جدی لەسەر سامان و داهاتی هەرێم و لێنەپرسینەوە هۆكاری سەرەكیی بردنی داهاتی گشتیی وڵاتانە لەلایەن حیزب و كارەكتەرە سیاسییەكانەوە، كە لە ئێستادا زۆرێك لە میدیاكان باس لەوە دەكەن كە سەركردەكانی كورد لە ئاستی دەوڵەمەندەكانی ناوچەكە دان، كۆمپانیا حیزبییەكانیش لە ریزبەندی كۆمپانیا دەوڵەمەندەكانی ناوچەكە دانە، بەپێی زانیاریی بەرپرسان خۆشیان حیزب و كارەكتەرە سیاسییەكان پارەیان هەیە. 

پێشتر مەلا بەختیار رایگەیاندبو كە ژێرزەمینەكان لە فەردە دۆلار ئاوساون و بانكەكانیش پارەیان تێدا نییە بۆ موچە. زانیارییەكانی هەندێ دیپلۆماتی رۆژئاواییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە بەرپرسانی هەرێم و بەغداد بە شێوەیەكی ناسروشتیی دەوڵەمەند بونە و پارەكانیان بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت. یەكەم راپۆرتی میدیایی لەسەر پارەكانی بەرپرسانی هەرێم لەلایەن رۆژنامەنوس و سكۆلارە نێودەوڵەتییەكان لە ٢٠٠٦ بڵاوكرایەوە كە ئەوكات وەك شۆكێك وا بو بۆ خەڵكی كوردستان.

دەگوترێت كە سەركردەكانی كورد لە هەرێمی كوردستان پێویست ناكات داوای هاوكاریی مادی و دارایی لە ئەمەریكا بكەن، چونكە تەنها شەش كۆمپانیای زەبەلاحی یەكێتیی و پارتیی و حیزبەكانیان خاوەنی ملیاران دۆلارن لە بانكە ئەمریكیی و ئەوڕوپییەكان.

بە هۆی نەبونی سیستەمی بانكیی و نەبونی شەفافییەت لە هەرێمی كوردستان و عێڕاقدا، تا ئیستا نازاندرێت داهاتی بەرپرسانی كورد و عێڕاق بەراستیی چەندە، بەڵام هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە زۆریان بونەتە خاوەنی ملیاران دۆلار. 

تەنانەت سەركردەكانی یەكێتییش ئەوەیان نەشاردۆتەوە كە دواجار جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی داوایكرد كە بۆ زاڵبون بەسەر قەیرانی دارایی، لەڕێی كۆمیتەیەكی نێودەوڵەتییەوە پارەی دزراوی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەش بەهۆی بازرگانی بەرپرسە سیاسییەكانەوە یان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خاوەنی دەیان كۆمپانیای نەوت و بوارەكانی دیكەن و بونەتە ملیاردێر، بەپێی ئاماری یەكێتیی‌ وەبەرهێنەرانی كوردستان هەرێم لە ئێستادا 30 ملیاردێر و 10 هەزار و 800 ملیۆنێر تێدایە كە 18 ملیاردێری لە سنوری پارێزگای هەولێر وەبەرهێنان دەكەن و 5 ملیاردێریش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و پێنج ملیاردێریش لە سنوری پارێزگای دهۆك وەبەرهێنان دەكەن. 

لە 10 هەزار و 800 ملیۆنێریش سێ هەزار و 800 ملیۆنێری لە سنوری پارێزگای سلێمانیدایە.  بە بڕوای محەمەد كەریم، سەرۆكی مونتەدای ئابوریی كوردستان، هەمو ئەوانەی سامانەكانیان گەیشتونەتە ملیار دۆلار، یان هی حزبە یان كەسەكانی ناو حزبە، یان كەسێك بەڕەمزی سەرپەرشتیی كۆمپانیاكە دەكات و چەند كەسێكی حزبی لەپشتەوەیە، چونكە تاكەكەس نییە بتوانێت بگاتە ملیاردێر بەبێ پشتیوانیی حیزب و ئەشخاسەكانی دەشڵێت، دوای فرۆشتنی بەرهەمەكانی نەوت، سەدان كەس بەهۆی نەوتەوە بونەتە ملیۆنێر و ملیاردێر.

لە ئێستادا حكومەتی هەرێم تەواو ئیفلاسی كردوە، زیاتر لە 20 ملیار دۆلار قەرزارە، موچەی پێنج مانگی موچەخۆران قەرزدارە و توانای خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران و خەرجیی بەركاربردنی دامەزراوەكانی نەماوە، وڵاتییان بەتەواوی لەم دۆخەی هەرێم ماندوبون، بەڵام بەگومانن لەوەی كە بەرپرسانی حكومی دەڵێن پارە نییە، چونكە لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێڕاق و هێنانی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد و بەتاڵانبردنی نەوت و غازی هەرێم، سامانێكی زۆر هاتۆتە هەرێمەوە و كارەكتەرە سیاسیی و بازرگانەكانی هەرێم لەوپەڕی خۆشگوزەرانیی و دەوڵەمەندی دان و زۆربەیان بونەتە ملیاردێر پارەكانیان لە ژێرزەمینەكان و لە بانكەكانی رۆژئاوادا كەڵەكە كردوە.