دەبێت شان بداتە بەرگرفتەكان
پارتی: عەبادی لەژێر فشاری نێودەوڵەتی دایە بەرانبەر بە كورد

کوردستان

31/01/2016‌ 1475 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان  رایدەگەیەنێت كە دەبێت بەغدا شان بداتە بەر گرفتەكان و بێتە سەر رێگای راست، بۆ ئەوەی شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدات. 

 ئەحمەد كانی بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقییەكانی پارتی بەپێگەی فەرمیی حزبەكەی راگەیاندوە كە چوونی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، درێژەپێدەری سەردانی شاندەكانی رابردووە‌و سەردانیكردنی سەرۆكی حكوومەتیش یەكەم جار نییە.

كانی دەشڵێت"لەوەیش دەچێت بەپێی ئەو قەیرانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، سەردانەكە لێكدانەوەی زیاتر هەڵبگرێت، بەڵام ئەو لێكدانەوەیەی ناحەزان دەیكەن زۆر دوورە لە ئامانجەكە، چونكە لایەنی وا هەیە نازانێت ئامانجی سەردانەكە چییە و دێت بە بێ پێشینە باس لە شكستی شاندەكان دەكات، كە ئەمە دوورە لە ئەخلاقی سیاسییشەوە".

 ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەشكردوە كە شاندی هەرێم نەچووە لە بەغدا سازش لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان بكات، تا خەڵكانێك تانەی لێ بدەن، چونكە بەوتەی ئەو كۆمەلێك گرفت لە نێوان هەرێم‌و بەغدا هەن ، هەروەك چۆن پێشووتر چوون بۆ چارەكردنی كێشەكان ئێستایش بە هەمان شێوەیە كە بەوتەی خۆی  لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هەمان ئەو لایەنان كە پێشتر لەگەڵ شاندەكاندا چوون.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات كە سیاسەتێكی هەڵە هەیە كە لە بەغداوە نایەوێت شاییستە داراییەكانی كوردستان بدرێتە خەڵكی كوردستان.

ئەحمەد كانی دەشڵێت"هەوڵە نێودەوڵەتییەكان و دروستكردنی گوشار لەسەر (حەیدەر عەبادی)، وایان كردووە كە دەبێت بەغدا گوێ بە داواكارییەكانی كوردستان بدات و شان بداتە بەر گرفتەكان و چارەیان بكات، بۆیە گرینگ ئەوەیە، ئەوەی دەكرێت بە قازانجی خەڵكی كوردستان بێت".
س.هـ