دەتوانین پەیوەندیەكان ئاسایی بكەینەوە
فازڵ میرانی: ئەوەی دەڵێت بەرپرسیار نیین لەم دۆخە لەواقیع ڕادەكات

کوردستان

31/01/2016‌ 1130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت كە ئەوان ئامادەن پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوەو جەختیش دەكاتەوە كە ئەوەی دەڵێت بەرپرسیار نییە لەم دۆخە لەواقیع ڕادەكات.

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی یەكێتی ئەوروپا سەر لەئێوارەی ئەمرۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەوەی لە 23 حوزەیران روییدا كۆتایی دونیا نییە، ئەگەر كێشەكە لەسەر ئەوە دروست بووە كە چایەك لە شوێنێك نەخواروەتەوە، ئاوا دەچین چایەك‌و ماستاوێكیش دەخۆینەوە، ئەگەر هەر نەبوو لە شوێنێكی تر كۆدەبینەوە".

میرانی وەڵامی ئەو دەنگۆ لێدوانانەی دایەوە كە حزبەكەی تۆمەتبار دەكەن بە تێكچوونی دۆخی هەرێم‌و ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو لایەنەكان بەرپرسیارییەتیان لەسەر شانەو ئەوانیش وەك پارتی بەرپرسیارن‌و تەحەمولیشی دەكەن، بەڵام بەوتەی ئەو ئەوەی دەڵێت ئێمە بەرپرسیار نییە ئەوا لە واقیع رادەكات.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەگەر ئیرادە هەبێت دەتوانرێت هەموو پەیوەندییەكان ئاسایی بكرێنەوەو دەشڵێت" لەگەڵ ئەوەداین لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەیەك نزیك بن، پێویستە دەستپێشخەریی ناوخۆیی پێش دەستپێشخەری دەرەكی قبوڵ بكرێن".

سەبارەت بە ئەنجامدانی راپرسیش فازڵ میرانی جەختیكردەوە كە سەربەخۆیی مافێكی رەوانەی گەلی كوردەو هەرێمیش بیر لە داهاتووی خۆی دەكاتەوە.
س.هـ