ئەمرۆ كاتی هەق و حیسابە
عادل موراد داوای هێنانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم دەكات

کوردستان

31/01/2016‌ 2949 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان داوا لەو حزبانەی كوردستان دەكات كە بەوتەی ئەو دەستیان بەسەر دۆسیەی نەوتدا گرتوە، بەزوترین كات داهاتەكانی ئەم نەوتە لەبانكەكانی ئەوروپاوە بهێننەوە بۆ كوردستان.

عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  لەراگەیەنراوێكدا دەڵێت"ئەو میللەتە خۆڕاگرو سەربەرزەی كەسەرباری ئەو هەمو قوربانیانەی لەپێناو ئازادی ودیموكراسیو دابینكردنی دادی كۆمەڵایەتی ئەمڕۆ بەدەست ئەم حزبانەوە جارێكیتر دەچەوسێتەوەومافەكانی لێ زەوتئەكرێت، نەمانزانی ئەوانەی دوێنێ هەڵگری ئەو پەیامە پیرۆزە بون، ئەمرۆ ئەبن بەبازرگانی جەنگو دەیان و سەدان كۆشكو تەلار لەكوردستان و ئەوروپاو ئەمریكا بەرز لەسەر حیسابی سكی ئەم میللەتەوە بەر زئەكەنەوە".

موراد ئاماژەی بەوەشكردوە كە ئەمرۆ دوای ئەوەی حكومەت گوێی خۆی كەڕكردوە لە بیستنی دەنگی هاوڵاتیانو نوزەی مناڵەكانیان، زۆر بێباكانەش داوایان لێ دەكات هێشتا دان بەخۆیانەوە بگرن، هەروەها باس لەوەش دەكات كە حكومەت سەرباری ئەوەی پێنج مانگە ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت دابینبكات، لەهەمان كاتیشدا كودەتا بەسەر دامەدەزگا شەرعییەكانی مییلەتا ئەكات و كاری پەرلەمانو حكومەتەكەشی ئیفلیج ئەكات.

سكرتێری ئەنجومەنی ناوەند دەشڵێت"زۆرجاریش هۆشداریمان ئەدا لەسەر سیاسەتە ئابورییە سەقەتەكانی حكومەتنی هەرێمو ونەبونی شەفافییەت ویاریكردن بە مەلەفی نەوتو دەسگرتن بەسەر داهاتەكانی نەوت لەبەرژەوەندی حزبو چەند كەسێك، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی لیكۆلینەوە لەپێشنیارو رایەكانمان بكرێت، كەوتنە هەڵبەستنی دەیان تۆمەتی ناڕەواو بە خلئینو خۆفرۆشیشی وەسفیان كردین".

عادل موراد جەختیشی لەوە دەكاتەوە كە سەروەتو سامانی ئەم میللەتە لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك، بەوتەی خۆی خێرو بێر بۆ حزبی رەجەب تەیب ئەردۆگان كە هەمیشە لەهەوڵی دۆشینی ئەم سامانەی میللەتە لەرێگەی چەند رێكەوتنێكی درێژخایەن كە ئەو پێیوایە كە لەپشتی پەردەكانەوە ئیمزاكراون بۆ گەڕاندنەوە ویلایەتی موسل وسەپاندنی دەسەڵاتی توركیا بەسەر سەروەتو سامانی میللەتدا.


لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا عادل موراد دەڵێت"ئەمرۆ كاتی ئەوەیە هەقو حیسابێك لەگەڵ ئەم حزبانە بكرێت بەتایبەت ئێستا توڕەیی خەڵك گەشتۆتە ترۆپكەوە‌و ئیتر بواری ئەوەش نەما میللەت لەمەزیاتر باجی سیاسەتە هەڵەكانی كەسانی تر بداتو حكومەت سەرەوتو سامانەكەی زەوتبكات ولەسەر حیسایبی قوتو گیرفانی فەرمانبەرانەوە رۆژ بەسەر بباتو،بەدرۆشمی قەبەو درۆزنانەوی بەناو سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خەڵكی چەواشە بكات".

 سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی هۆشداریش دەداتە حكومەت‌و داوا دەكات پلانێكی راستەقینەی چاكسازی ئابوری لەم هەرێمەدا دابنرێت كە بەوتەی خۆی  بەمەرجێك لەسەر حیسابی گیرفانی خەڵكی رەشو روتو فەرمانبەرانەوە نەبێت، پێشیوایە هەر چاكسازییەك ئەنجامبدرێت ئەبێت لەسەری سەرەوە دەستپێبكات تا خواری خوارەوە.

عادل موراد دەشڵێت"داواش لەحزبەكانی كوردستان ئەكەین ئەوانەی دەستیان بەسەر دۆسیەی نەوتدا گرتوە، بەزوترین كات داهاتەكانی ئەم نەوتە لەبانكەكانی ئەوروپاوە بهێننەوە بۆ كوردستان بۆ رزگاركردنی میللەت لەم قەیرانە قوڵەی ئابوری پیش ئەوەی دەرفەتەكان لەدەست بچن،چونكە ئەبێ ئەوە بزانن كەوا تووڕەیی خەڵك بێگومان بەڕێوەیە".

س.هـ