گۆڕان بە"گومان"ەوە لەدەستپێشخەرییەكەی پارتی دەڕوانێت

کوردستان

02/02/2016‌ 3402 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی‌ گۆڕان بە"گومان"ەوە لەدەستپێشخەریەكەی‌ پارتی‌ دەڕوانێت سەبارەت بەگەڕانەوەی‌ وەزیرو پەرلەمانتارەكانی‌ بۆ سەر كارەكانیان بێ‌هیچ رێگرییەك، بۆ گەڕانەوە ناو ئەنجوومەنی‌ وەزیران‌و سەرۆكایەتی‌ پەرلەمان‌و مەرجی‌ بۆ ئەو پرسەش هەیە. 

هەفتەنامەی ئاوێنە لەزاری سەرچاوەیەكی‌ ئاگادار لەبزووتنەوەی‌ گۆڕان بڵاویكردووەتەوە، كە لەدیدی‌ گۆڕانەوە، دەستپێشخەرییەكەی‌ پارتی دیموكراتی سەبارەت بەگەڕانەوەی‌ وەزیرەكان‌و سەرۆكی‌ پەرلەمان ئەنجامی‌ ئەو شكستە ئابورییەیە، كە هەرێمی‌ كوردستانی‌ تێكەوتوە، "نەك نیازپاكی‌ بەرانبەر بەبزوتنەوەی‌ گۆڕان".

بەوتەی سەرچاوەكە، كە داوای كردووە ناوی بڵاونەكرێتەوە، "مەرامی‌ دەستپێشخەرییەكەی‌ پارتی‌ بۆ هێوركردنەوەی‌ ئەو ناڕەزایەتیەیە، كە كوردستانی‌ گرتووەتەوە بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی‌‌و بێ‌ موچەیی‌و پرسی‌ سەرۆكایەتییەوە، تا گۆڕان بكەن بەشەریكی‌ شكستەكانیان‌و بەشێكیشی‌ بخەنە ئەستۆی‌ وەزیرەكانی‌ گۆڕان‌و پەرلەمانی‌ كوردستان". 

سەرچاوەكە ئاماژەی‌ بەوەش كردووە كە بزوتنەوەی‌ گۆڕان چاوەڕوانی‌ كۆبوونەوەیانن لەگەڵ‌ كۆمیتەی‌ كاراكردنەوەی‌ حكومەت‌و پەرلەمان تا بزانن ئەو نەخشەرێگەیەی‌ باسی‌ لێدەكەن چ پێشنیارێك لەخۆدەگرێت بۆ بزووتنەوەی‌ گۆڕان.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە "بزووتنەوەی‌ گۆڕان نایەوێت بەبێ‌ بەرچاورونییەكی‌ تەواو وەزیرەكان‌و سەرۆكی‌ پەرلەمان بگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان‌و وەك مەرجی‌ گەڕانەوەیان بۆ ناو حكومەت‌و پەرلەمان، گۆڕان دوو وەرەقەی‌ سەبارەت بەدۆخی‌ سیاسی‌‌و دۆخی‌ ئابووری‌ ئامادەكردووە، كە لەڕووی‌ سیاسییەوە ئەنجامدانی‌ چاكسازی‌‌و یەكلایی‌ كردنەوەی‌ دەستوورو پرسی‌ سەرۆكایەتی‌ بەپێویست دەزانێت‌و لەڕووی‌ ئابووریشەوە، خوازیاری‌ چاودێری‌ كردنێكی‌ تۆكمەو كارایە لەسەر فرۆشتنی‌ نەوت‌و داهاتی‌ سامانە سروشتییەكان".

ئەمە لەكاتێكدایە كۆمیتەیەك بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی هەرێم پێكهێنراوەو بڕیارە بەم نزیكانە لەگەڵ گۆڕان كۆببنەوە، كە یەكەم بڕیاری كۆمیتەكە ئەوە دەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەپشكی گۆڕان‌و وەزیرەكانی ئەو بزووتنەوەیە دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.

یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لەپشكی بزووتنەوەی گۆڕان‌و وەزیرەكانی ئەو بزووتنەوە لەمانگی 10 ساڵی رابردووەوە بەفەرمانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لەرێگەی هێزە رێگریان لێدەكرێت بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئەوەش بەهۆی كێشەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە.

هـ . ح