بارزانی‌‌و پارتی مەرجیان نییە بۆ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان‌‌و حكومەت

کوردستان

02/02/2016‌ 1212 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجیان نییە بۆ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان‌و گەڕانەوەی وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ حكومەت.

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی هاووڵاتی، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان، بەرەو نزیكبوونەوەی‌ نێوانیان هەنگاودەنێن پاش سێ مانگ لەگەیشتنی‌ گرژییەكانیان بەلوتكە، ئەوەش دوای‌ ئەوەی‌ پارتی‌‌و بارزانی‌ بەبێ مەرج رازیبوون بەكاراكردنەوەی‌ پەرلەمان.

مەسعود بارزانی‌‌و پارتی‌، لەهەنگاوێكی‌ نوێدا بەبێ مەرج رازیبوون بەكاراكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بەهەمان دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ پێشوو، كە 26ی‌ مانگی‌ رابردوو، مەسعود بارزانی‌ لەگەڵ بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێم كۆبووەوە بۆ دۆزینەوەی‌ رێگەچارە بۆ دۆخی‌ چەقبەستوویی‌ هەرێم، كە زیاتر لەسێ مانگە بەردەوامە، بەهۆیەوە كۆبوونەوەكانی‌ پەرلەمان پەكیانكەوتووە بەهۆی‌ رێگریكردن لەسەرۆكەكەی‌ (یوسف محەمەد) بۆ هەولێر.

مەرجێكی‌ سەرەكی‌ پارتی‌ لەسێ مانگی‌ رابردوودا بۆ ئاساییكردنەوەی‌ دۆخەكە، دورخستنەوەی‌ یوسف محەمەد بوو لەسەرۆكایەتی‌ پەرلەمان، لەبەرانبەریشدا بزووتنەوەی‌ گۆڕان تائێستا ئەوە رەتدەكاتەوە، بەڵام لەكۆبوونەوەی‌ بارزانی‌‌و بەشێك لەلایەنە سیاسیەكاندا كە تێیدا لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان‌و حكومەت، لایەنەكان بەپارتیشەوە رازی‌بوون پەرلەمان بەهەمان پێكهاتەی‌ ئێستای‌ كارابكرێتەوە.

عەبدوڵڵا وەرتێ، وتەبێژی‌ بزووتنەوەی‌ ئیسلامی‌ كوردستان‌و بەشدار لەكۆبوونەوەكە‌ ئاشكرایكرد، لەكۆبوونەوەكەدا بارزانی‌‌و مەكتەبی سیاسی پارتی‌ مەرجیان نەبوو بۆ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان، جەختیانكردەوە، پەرلەمان موڵكی‌ هەموانە نەك تەنیا حیزبێك.

عەبدوڵڵا وەرتێ‌، راشیگەیاند لەكۆبوونەوەكەدا بەدیاریكراوی‌ باسی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمان نەكرا، بەڵام هیچ هێڵێكی‌ سور دیارینەكرا بۆ چۆنییەتی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان، جەختكرایەوە دەبێت پەرلەمان وەكو خۆیی‌‌و بەپێكهاتەی‌ ئێستایەوە كارابكرێتەوە.

لەدوای‌ ئەو كۆبوونەیەوە، بەرپرسانی‌ پارتی‌ جەخت لەگفتوگۆو رێككەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی‌ گۆڕان دەكەنەوە بەبێ ئەوەی‌ ئاماژە بەهیچ مەرجێك بكەن، بەپێچەوانەی‌ جارانەوە، جەختیان لەگۆڕینی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان دەكردەوە.

لەكۆبوونەوەكەی‌ بارزانی‌‌و بەشێك لەلایەنە سیاسیەكاندا، فازڵ میرانی‌ سكرتێری‌ مەكتەبی سیاسی پارتی‌ نوێنەرایەتی‌ حیزبەكەی‌ دەكردو دوای‌ كۆبوونەوەكەش خواستی‌ حیزبەكەی‌ بۆ گفتوگۆو رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان راگەیاند.

میرانی‌، یەكشەممە 31ی‌ مانگی‌ رابردوو لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویست بكات پەیوەندی‌ بەسەركردەكانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕانەوە دەكەن بۆ ئاساییكردنەوەی‌ دۆخەكە.

لەكۆبوونەوەكەدا، بارزانی‌ پشتیوانی‌ بۆ لیژنەی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان‌و حكومەت دەربڕیوە، جەختیكردووەتەوە، كە لایەنەكان هەر بڕیارێك بدەن لەبارەی‌ چۆنیەتی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان‌و حكومەت‌و كێشەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمەوە ئەو پێوەی‌ پابەند دەبێت.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی‌ دەستەی‌ كارگێڕی‌ مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌، كە بەشداری‌ كۆبوونەوەكەی‌ بارزانی‌‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان بوو، یەكشەممە 31/1 لەچلەی‌ ماتەمینی‌ شەهید حسێن مەنسوردا رایگەیاند، كۆمیتەی‌ كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان ئامانجیانە پەرلەمان كارابكەنەوە، بەئامادەبونی‌ سەرۆك‌و سەرۆكایەتی‌ ئێستای‌ پەرلەمان، بەبێ ئەوەی‌ ڤیتۆ لەسەر هیچ كەسێك هەبێت.

عەبدوڵڵا وەرتێ ئاماژەی‌ بەوەشكرد، ئەگەر هەر پێنج حیزبەكە (پارتی‌، یەكێتی‌، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) پێكەوە هەوڵی‌ چارەسەركردنی‌ كێشەكان بدەن سەركەوتوو نابن، بەڵكو دەبێت لایەنەكانی‌ دیكەش بەشداربن.

بزووتنەوەی‌ گۆڕان كە بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی‌ لە 17 نیسانی‌ 2014 پۆستی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ وەرگرت وەك یەكێك لەپشكەكانی‌ لەبەرانبەر بەشداریكردن لەكابینەی‌ هەشتی‌ حكومەت، هەر هەنگاوێكی‌ پارتی‌ بەئاڕاستەی‌ دەستبەرداربون لەمەرجی‌ گۆڕینی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان بەئیجابی ناودەبات.

هــ . ح