پارتی شاندێك بۆ داواكردنی هاوكاری دەنێرێتە ئەمریكا

کوردستان

03/02/2016‌ 1028 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان شاندێك بۆ داواكردنی هاوكاری دەنێرێتە ئەمریكاو سەرۆكی شاندەكەش دەڵێت: هەموو رێگەیەك دەگیرنەبەر بۆ دەستخستنی هاوكاری دارایی بۆ هەرێم.

چەند رۆژێكە هێمن هەورامی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی شاندێكی حیزبەكەی سەردانی ئەمریكای كردووەو چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجامداوە.

بەپێی زانیارییەكان چوونی شاندەكەی پارتی بۆ ئەمریكا پەیوەندی بەقەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانەوە هەیەو شاندەكەش لەكۆبوونەوەكانیاندا، داوای هاوكاری دارایی بۆ هەرێم لەبەرپرسانی ئەمریكا دەكەن.

هاوكات هێمن هەورامی، بۆ میدیاكانی حیزبەكەی ئاشكرایكردووە، كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی هاوكارییەك بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەین لەڕووی داراییەوە.

بەوتەی هێمن هەورامی قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان بەهۆی چەند هۆكارێكەوە سەریهەڵدا، ئەوانیش، شەڕی داعش، هاتنی ژمارەیەك زۆری پەنابەر، دابەزینی نرخی نەوت‌و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا.

بەرپرسەكەی پارتی جەختیكردووەتەوە، كە هیچ یەكێك لەو هۆكارانە لەدەست هەرێمی كوردستاندا نین‌و ئەگەر ئەو هۆكارانەش نەبان، ئەو قەیرانە داراییە سەری هەڵنەدەدا، بۆیە داوای هاوكاری دارایی لەئەمریكا دەكەن.

چوونی شاندەكەی پارتی لەكاتێكدایە، مانگی رابردوو شاندێكی هەرێم بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم چوونە ئەمریكا بۆ هەمان مەبەست، بەڵام شاندەكە بەدەستبەتاڵی گەڕایەوە هەرێمی كوردستان.

هــ . ح