فراكسیۆنی یەكێتی راپۆرتێك بۆ "دەربازبوون" لەقەیرانی ئابووری هەرێم دەخاتەڕوو

کوردستان

03/02/2016‌ 850 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەسەر قەیرانی ئابووریی هەرێمی كوردستان، فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان راپۆرتێك بۆ "دەربازبوون" لەو قەیرانە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات، كە لەژمارەیەك پێشنیاز پێكهاتووە‌و داوا دەكات، بەمەبەستی كاركردن لەسەر ناوەڕۆكی پێشنیازەكان، بنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

لەڕاپۆرتەكەی فراكسیۆنی سەوزدا، كە لەمیدیاكانی حیزبەكەدا بڵاوبووەتەوە، هاتووە: «ئاشكرایە ئەم دۆخە نەخوازراوە هۆكارەكەی بۆ دابەزینی نرخی نەوت‌و تێكچوونی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغداو شەڕی داعش‌و بێ‌ پلانی حكومەت دەگەڕێتەوە لەماوەی حوكمڕانی رابردوودا، بەتایبەت لەدوای ساڵی (2003) كە حكومەت بووە خاوەنی داهات‌و نەتوانرا دادپەروەرانە‌و بەپلان دابەشی ئەم داهاتە بكرێت‌و پاشەكەوت بۆ داهاتووی وڵات‌و نەوەكانمان زانستیانە‌و ئابوورییانە رێكبخرێت، بۆیە ئێمە هەرچەندە لەڕابردوو لەڕێگەی ئەندامەكانمان لەفراكسیۆن‌و بەجۆرەها شێوە پڕۆژەمان پێشكەشكردووە، ئێستاش بەباشمانزانی لەڕێگەی ئەم راپۆرتەوە چەند پێشنیازێك بۆ دەربازبوون لەم دۆخە سەختە ئابوورییە بخەینە بەردەستی بەڕێزتان».

هەر لەو راپۆرتەدا روونكراوەتەوە، فراكسیۆنەكەمان وەك چۆن لەڕابردوودا لەهەموو دۆخە سەختەكان پێشەنگ‌و بەشێك بووە لەچارەسەر، لەو سۆنگەیەوە كە خۆیان بەخاوەنی ئەم دەستكەوتانە دەزانن‌و بەهیچ شێوەیەك خۆیان لەبەرپرسیارییەتی نادزینەوە‌و لەپشت حكومەت رادەوەستین بۆ پشتیوانیكردن‌و چاودێریكردنی لەئەنجامدانی هەنگاوەكانی چاكسازی‌.

دەقی پێشنیارەكانی فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان:

1- كاركردن بۆ رێكەوتنی لایەنەكان‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان، چونكە بەشێكی زۆر لەهەنگاوەكانی چاكسازی پێویستی بەهەمواری یاساو بڕیار‌و دەركردنی یاسا هەیە.
2- ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا، لەبەر ئەوەی بەشێكی كێشەكان بێ‌ بەغدا چارەسەر نابن.
3- دروستكردنی هەیكەلی سندوقی كوردستان بۆ داهاتەكانی نەوت‌و غاز.
4- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رۆژانە كێڵگە بەكێڵگە زانیاری بڵاوبكاتەوە دەربارەی بەرهەمهێنان‌و ناردنە دەرەوەی نەوت.
5- كۆی گرێبەستەكان پێشكەشی پەرلەمان بكرێت.
6- كارئاسانی زیاتر بۆ دەستەی دەستپاكی‌و دیوانی چاودێری دارایی بكرێت‌و كارەكانیان ئەنجامی هەبێت.
7- پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوت‌و غاز دابنرێت.
8- تەئكید دەكەینەوە گۆڕینەوەی پارەی داهاتی فرۆشتنی نەوت بەدەرەوە، بەچاودێری‌و سەرپەرشتی ئەو لیژنەیە بێت، كە بڕیاری لەسەر دراوە نەك لەڕێگەی بانكی كوردستانەوە.
9- فرۆشتنی نەوت بە تەنكەر بەڕێگەی زیادكردنی ئاشكرا بێت‌و دوور بخرێتەوە لەقۆرخكاری‌و بەرهەم‌و قازانجەكەی رابگەیەنرێت.
10- مۆڵەت بدرێت بەو پاڵاوگە نایاساییانەی كە دەتوانن مەرجەكانی پاڵاوگەی مۆدێرن جێبەجێبكەن‌و باجیان لێ وەربگیرێت.
11- پێداچوونەوە بكرێت بەگرێبەستی هەردوو كۆمپانیای كارو قەیوان تایبەت بەپاڵاوتنی نەوت بۆ دابەزاندنی بڕی ئەو 17$ی كە تێچوی پاڵاوتنی نەوتە.
12- پشكەكانی حكومەت لەكۆمپانیاكانی نەوت كە لەبری باجی كۆمپانیاكان وەردەگیرێت بڕەكەی چەندە‌و بەناوی كێیە ئاشكرا بكرێت.
13- وەرگرتنی باج لەكۆمپانیاكانی بواری وەبەرهێنانی نەوت.
14- وەرگرتنی باج لەسەرجەم كۆمپانیاكان لەهەرێمی كوردستاندا.
15- وەرگرتنی باج لەو كەسانەی كە لەكۆمپانیا بیانییەكاندا كار دەكەن.
16- هیچ ژمێرەیەكی میری (حكومی) لەبانكە ئەهلیەكان نەكرێتەوە.
17- پەلە بكرێت لەهەناردەكردنی زیاتری نەوت‌و راكێشانی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان‌و وڵاتی ئێران.
18- تەئكید كردنەوە لەجێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم‌و پارێزگای كەركوك بۆ پێدانی مافەكانی شاری كەركوك لەفرۆشتنی نەوت.
19- پێداچوونەوەی ورد بە تەعریفەی گومرگی بكرێت‌و ئەو بەخشینانەی كە بڕیاری بەنایاسایی لێدراوە‌و زیانێكی زۆری بەداهاتی میری گەیاندووە، كۆتایی پێ‌ بهێنرێت.
20- هەوڵدان بۆ بەفەرمی ناساندنی ئەو خاڵە گومرگیانەی كە جوڵەی بازرگانی زۆریان هەیە وەك خاڵی گومرگی (سەیران بەن، كێڵێ‌، شوشمێ‌، ئاوە كورتێ‌، سازان).
21- بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگای هەڵەبجە‌و بەڕێوەبەرایتی گشتیی دیوانی چاودێری دارایی لەدهۆك بكرێتەوە.
22- لیژنەكانی چاودێری دارایی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بێت، واتە بەتێكەڵی لەنێوان پارێزگاكان لیژنەكان دروست بكرێت.
23- لەبەر ئەوەی پارە سپیكردنەوە بەچەكەوە بووە بەدیاردە، داواكارین لەپێدانی پابەندێتی بەدام‌و دەزگاكانی حكومەت مامەڵە بەچەكەوە نەكرێت، تا حكومەت رێگەی گونجاو دەدۆزێتەوە، هەروەها لیژنەی لێكۆڵینەوە دروست بكرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو چەكانەی كە لەڕابردوودا مامەڵەیان پێوە كراوە.
24- حكومەت بیر لەوە نەكاتەوە بەهیچ شێوەیەك زەوی بفرۆشێت بۆ پەیداكردنی داهات، چونكە ئەم هەنگاوە چارەی دۆخەكە ناكات‌و زەویش بۆ وەبەرهێنان‌و نەوەی داهاتوو نامێنێت.
25- زیادكردنی پارەی ئەو قەپانانەی كە (20%)ی دەدەن بەحكومەت‌و بكرێت بەزیاتر لە (50%).
26- پێداچوونەوە بەنرخی كارەبا بۆ بینا گەورەكانی بازرگانی‌و كارگەكان‌و باخچە‌و ڤێلا تایبەتیەكان.
27- پێداچوونەوە بەهەموو خەمڵاندنەكانی باجی دەرامەت، كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لەڕابردوودا خەمڵێنراوە.
28- لەئەگەری جێبەجێكردنی پێدانی مووچە بەڕێژەیی، پێویستە وەرگرتنەوەی قەرزەكانی (نیشتەجێبوون، خانووبەرە، هاوسەرگیری، كشتوكاڵ‌و قەرزی بچووك) لەم قۆناغەدا رابگیرێت.
29- كۆنترۆڵكردن‌و كەمكردنەوەی نرخی بازاڕ بەشێوەیەكی گشتی، لەڕێگەی لیژنەكانی پارێزگاكان‌و قەزاو ناحیەكانەوە لەگەڵ كەمكردنەوەی نرخی عیادە پزیشكیەكان‌و خزمەتگوزاریەكانی پزیشكی لەكەرتی تایبەت بەشێویەك لەگەڵ دۆخی ئێستای خەڵكدا بگونجێت.
30- پێدانی دەسەڵات بەپارێزگارەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ‌و نەهێشتنی قۆرخكاری، بەمەبەستی كەمكردنەوەی نرخ.
31- كەرتی تایبەت هاوكاری هاووڵاتیان بكات لەو قەرزانەی، كە لای هاووڵاتیان هەیەتی‌و لەم دۆخەدا فشاریان بۆ دروست نەكات.
32- دادوەرەكان‌و داواكاری گشتی دەبێت لەكاتی پاشەكەوت كردنی زۆرەملێی مووچەكانیان دۆخی دارایی‌و ژیان‌و گوزەرانیان بەهەند وەربگیرێت، چونكە ئەوان بەپێی یاسا ناتوانن هیچ كارێك بكەن‌و مەترسی رووبەڕوویان دەبێتەوە.
33- ساڵانە باجی رێگاوبان لەسەرجەم ئۆتۆمۆبیلەكانی كوردستان وەربگیرێت.
34- هەر كەسێك لەهەر پلە‌و پۆستێك بێت مافی لێخۆشبوونی نەبێـت لەباج‌و رسوماتی گومرگی بەدەر لەیاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان.
35- پێویستە سەرجەم گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم كە لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتدا ئەنجامدراوە سەبارەت بەخاڵە سنووریەكان كە داهاتی گومرگیان هەیە لەبواری (گواستنەوەی وشكانی، دڵنیایی ئۆتۆمۆبیل، دڵنیایی كەسی، كۆمپانیای پشكنین، گەراجانە، سۆنەر‌و هتد...) هەڵبوەشێتەوە، بەڵكو سەرجەم ئەو كارانە دەبێـت وەزارەتی دارایی‌و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر جێبەجێی بكەن، بۆ ئەوەی داهاتی گومرگی زیاد بێت.
36- دەبێت وەزارەتی دارایی پێداچوونەوە بەڕسوماتی گومرگی‌و بڕو رێژە دیاریكراوەكانی سەرجەم شمەكی هاوردە‌و هەناردە بكات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای هەرێمی كوردستان‌و دانیشتووانەكەی، دوای ئەوەی كە حكومەتی ناوەندی بڕیاریداوە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەدات‌و پشت بەست بەیاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2013، كە تایبەتە بەوەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
37- سەرجەم داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت بچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی نەك تەنیا داهاتی نەوتی هەناردەكراو بەبۆری، بەڵكو داهاتی نەوتی هەناردەكراو بەتەنكەر‌و داهاتی رۆشتنی بەرهەمە نەوتیەكان لەناوخۆی هەرێمی كوردستان تا ئەو كاتەی كە دەستەی سندوقی كوردستان بۆ داهاتەكانی نەوت‌و غاز دادەمەزرێت‌و سەرجەم داهاتی فرۆشتنی نەوت دەخرێتە ئەو سندوقەوە.
38- پێویستە سەرجەم داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان كە تائێستا لەبانكی نێودەوڵەتیی كوردستان دادەنرێت، بگوازرێتەوە بۆ بانكە حكومیەكانی وەزارەتی دارایی.
39- تاكاتی كۆتایی هاتنی ئەم شەڕەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەدەر بێت لەخشتەی دابەشكردنی مووچە‌و هەموو مانگێك لەكاتی خۆیدا مووچە وەربگرێت‌و نابێت مووچەكانیان دوابكەوێت.
40- بەرهەمی ئەم چاكسازیە دەبێت بۆ خزمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت، بۆیە دەبێت ئەو پێشمەرگانەی كە پلەیان نزمە‌و مووچەیان كەمە مووچەكانیان لە 700 هەزار دینار كەمتر نەبێت تا كاتی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە (19)ی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بەهاوتاكردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە‌و هێزەكانی ناوخۆ.
41- دەبێت دابەشكردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە راستەوخۆ لەلایەن وەزارتی دارایی‌و بانكە تایبەتیەكانی سەر بەم وەزارەتەوە بێت نەك یەكەی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە‌و هێزەكانی حەفتا‌و هەشتاوە، بۆ نەهێشتنی دیاردەی دوو مووچەیی.
42- دەبێت دیوانی چاودێری دارایی مافی ئەوەی هەبێت، كە وردبینی بۆ حساباتی هەموو سەرۆكایەتیەكانی هەرێمی كوردستان‌و پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و ئەنجومەنی دادوەری‌و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بكات ساڵانە‌و مانگانە.
43- وەزیری دارایی رادەسپێردرێت بەڕێكخستنەوەی سەرجەم خانەنشینی سەربازی‌و مەدەنی لەهەرێمی كوردستان‌و دەیانلكێنێت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی كە سەر بەوەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمە‌و چوار بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی دەكاتەوە لەپارێزگاكانی (هەولێر، دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە).
44- رێكخستنەوەی سیستمی مووچە‌و خانەنیشنی لەهەرێمی كوردستان‌و كەمكردنەوەی مووچە‌و ئیمتیازاتی پلە تایبەتەكان.
45- پێدانی دەسەڵاتی لامەركەزی ئیداری‌و دارایی بەپارێزگارەكانی كوردستان بەخەرجكردنی راستەوخۆی ئەو داهاتەی، كە لەپارێزگاكانی خۆیانەوە دەستیان دەكەوێت لەژێر رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی‌و بەچاودێریكردنی دیوانی چاودێری دارایی لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
46 هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە لامەركەزیانەی كە دراوە بەوەزیر‌و وەزارەتەكان بۆ خەرجكردنی رێژەیەكی دیاریكراو لەداهاتەكانیان بەفەرمانی وەزیرەكان، كە لەبەڕێوەبەرایەتیەكانیان لەپارێزگاكان دەستیان دەكەوێت.

بەپەلە