مەلا بەختیار: لەم مانگەدا وردەكارییەكانی راپرسی یەكلایی دەكەینەوە

کوردستان

03/02/2016‌ 1363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاشكرای دەكات لەكۆبوونەوەی لایەنەكان لەم مانگەدا وردەكاری راپرسی یەكلایی دەكەنەوەو ئەوەش بە مافێكی سروشتی كورد خۆی دەزانێت.


مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەمیانی پێشوازیكردنی لە لە كلاودیا ڕۆت، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا رایگەیاند"هاتنیان لە هەلومەرجێكی هەستیاردایە، هەلومەرجێك كە كێشەی ئابوری، سیاسی، یاسایی، سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان هەیە‌و ئەمانەش هەموویان پێویستیان بەوەیە، كە دۆستە راستەقینەكانمان هاوكارمان بن بۆ چارەسەر".


مەلا بەختیار وتیشی"لەئێستاشدا كوردستان، هەم كێشەی هەیە، كە پێویستی بەهاوكاری بۆ چارەسەركردن هەیە هەم رەهەند‌و ئەگەری گۆڕانكاری لەنەخشەی سیاسی، ئیداری، جوگرافی‌و یاسایی لەناوچەكە، لەعیراق‌و بەشەكانی كوردستانیشدا لەبەردەمماندایە‌و ئێستاش ئێمە وەكو كورد، لەلێكۆڵینەوەو خوێندنەوەی ئەو ئەگەرو رەهەندانەداین كە چی بكەین".


بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد كە یەكێك لەو ئامانجانەی لەبەرچاویان گرتووە لەدوای كۆبوونەوە حەڤدە حزبییەكە لەگەڵ مەسعود بارزانی پرسی ریفراندۆمە لەكوردستان، جەختیشیكردەوە لەم مانگەشدا وردەكارییەكانی ساغ دەكەنەوە.


سەبارەت بە ئەركی حزبەكەشی مەلا بەختیار رونیكردوەتەوە كە یەكێتی بەشێكە لەچارەسەری كێشەكانی عیراق‌و كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمانیش، بەوتەی خۆشی بەرژەوەندی باڵای میللەتە هەر دەستكەوتێكی حزبی بەوەی گرنگترەو لەسەر هەوڵەكانی بۆ چارەسەری كێشەكانن هەتا دوا خاڵی چارەسەر بەردەوام دەبن.


مەلا بەختیار وتیشی"پێمانباشە بەهەموو داهاتی نەوت لەرابردووشدا بچینەوەو لەبەرامبەر رەخنەی دۆستەكانمان، خەڵكی كوردستان‌و پەرلەمانتارەكانیشمان، هەموو نوسراوەكان ئاشكرا بكرێن‌و حەقیقەتی گرێبەستەكانی نەوت، فرۆشتنی، داهات‌و خەرجكردنی لەپەرلەمانی كوردستان ساغ بكرێتەوەو بخرێتە بەردەم راسی گشتیی".
س.هـ