قەیرانی دارایی هەرێم‌و كاریگەری لەسەر نرخی زەوی‌و خانووبەرە

کوردستان

11/02/2016‌ 3070 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەڕی داعش‌و قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر نرخی زەوی‌و خانووبەرە داناوە لەهەرێم، بەشێوەیەك پێش شەڕی داعش كرێی خانوو لەگوندی ئینگلیزی بەچوار هەزار دۆلار بوو، بەڵام لەئێستادا نرخی هەمان خانوو 1500 دۆلارە، كە ئەمەش جیاوازییەكی زۆرە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، پێش قەیرانی دارایی، نرخی زەوی‌و خانووبەرە لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزببووەوە، ئەمەش وای كردبوو، كە بازاڕی نووسینگەكانی كڕین‌و فرۆشتنی خانووبەرە گەرمتر ببێت بەجۆرێك رۆژانە نرخەكان روو لەبەرزبوونەوە بوون، بەڵام دوای درووستبوونی شەڕی داعش‌و ئەو قەیرانە داراییەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە ئەوا بەشێوەیەكی بەرچاو نرخی زەوی‌و خانووبەرە دابەزی، بەشێكیش لەخاوەن نووسینگەكان ئاماژە بەهۆكاری دابەزینی نرخی زەوی‌و خانووبەرە دەكەن.

حاجی سەلام خاوەنی نووسینگەی حاجی سەلام بۆ كڕین‌و فرۆشتنی زەوی‌و خانووبەرە دەڵێت: ئەگەر بێت‌و بەداتا قسە بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین لەمانگی 6ی 2014 پاش ئەوەی داعش شاری موسڵی گرت لەو كاتەدا جیاوازییەكە بەدیار دەكەوێت، بۆ نمونە ئەگەر باسی كرێ بكەین دەبینین جیاوازییەكی زۆری هەیە، چونكە ئەو كات كۆمەڵێك كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان بوون‌و لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعش ئەوانیش گەڕانەوە شوێنی خۆیان‌و ئەمەش كاریگەری لەسەر كرێی خانووبەرە هەبوو، بۆ نموونە پێش شەڕی داعش كرێی یەك خانوو لەگوندی ئینگلیزی بەچوار هەزار دۆلار بوو، بەڵام لەئێستادا نرخی هەمان خانوو 1500 دۆلارە، كە ئەمەش جیاوازییەكی زۆری هەیەو بەجۆرێكی تر دەتوانین بڵێین پێش دروستبوونی شەڕی داعش كەمترین نرخی كرێ 600 دۆلار بوو، بەڵام لەئێستادا خانوو هەیە بە 250 دۆلار بە كرێ دراوە.

سەبارەت بەمامەڵەی كڕین‌و فرۆشتنی خانووبەرە، حاجی سەلام پێیوایە لەبابەتی كڕین‌و فرۆشتنیشدا جیاوازییەكی بەرچاو هەیەو لەو بارەوە دەڵێت: بۆ مەسەلەی كڕین‌و فرۆشتنیش هەمان جیاوازی هەیە، بۆ نموونە لەگەڕەكی 32ی پارك زەویمان هەبوو نرخی لە 140 هەزار دۆلاری كەمتر نەبوو، بەڵام ئێستا بە 80 هەزار دۆلاریش هەیە، بۆیە "من پێموایە لەهەموو كەرتەكان جیاوازی بەخۆیەوە بینیووە لەزەوی‌و شوقەو زەوی كشتوكاڵی‌و خانووبەرە.

لەبارەی ژمارەی گرێبەستەكانی مانگانە بۆ كڕین‌و فرۆشتن لەنێوان جاران‌و ئێستادا، حاجی سەلام باس لەوە دەكات، كە جاران رۆژ بەرۆژ نرخەكان روو لەزیادبوون بوو، بۆیە كڕین‌و فرۆشتنی بەردەوام هەبووە، بەشێوەیەك جاران زۆربەی خەڵك، كە ئەمڕۆ خانوو، یان زەویەكی دەكڕی بۆ بەیانییەكەی قازانجی دەكردو دەیفرۆشتەوە، بەڵام لەئێستادا ئەوە نەماوەو هەمووی رووی لەدابەزینەو لەئێستا خواست لەسەر كڕین كەمبووەتەوەو پێموایە گرێبەستەكان لەئێستادا بەرێژەی سەدا 50 بۆ 70 دابەزیوون.

هەر سەبارەت بەكاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی شتومەك‌و كەلوپەل بەتایبەت زەوی‌و خانووبەرە، خاوەنی نووسینگەی بەكر عوسمان پێیوایە، كە دابەزینی نرخ هۆكارێك بووە بۆ دروستبوونی ئەم قەیرانە سەرەڕای هەبوونی شەڕی دژ بەداعش.

بەكر عوسمان خاوەنی نووسینگەی كڕین‌و فرۆشتنی خانووبەرە، لەو بارەوە دەڵێت: بەهۆی قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوت ئەوا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان هەیەو لەم چوارچێوەیەشدا ئەگەر باسی نرخی زەوی‌و خانووبەرە بكەین ئەوا بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزیووە سەرەڕای ئەوەی دروستبوونی شەڕی داعش هۆكارێكی دیكە بووە.

بەكر عوسمان، هەروەها دەڵێت: ئەگەر بەنموونە خانوویەك لەپرۆژەی چاودێر ستی وەرگرین، پێش ئەو قەیرانە داراییە، كە هێشتا خانووەكان لەقۆناغی تەواوكردندا بوو ئەو كاتە نرخی یەك خانوو لەم پرۆژەیە بە 100 هەزار دۆلار بوو، بەڵام لەئێستادا نرخی خانوو لەو پرۆژەیە نزیكەی 70 هەزار دۆلارە لەكاتێكدا، كە خانووەكان تەواوبووە.

خاوەن خانووەكانیش نیگەرانن لەدابەزینی نرخی خانووەكانییان‌و ئاماژە بەوە دەكەن، كاتی خۆی خانووەكانیان بەنرخێكی گران لەپرۆژەكان كڕیووەو ئێستاش بەو نرخەی ئەوكات كڕیوویانە ناتوانن بیفرۆشنەوە. 

خالید حەسەن، خاوەن خانوو لەپرۆژەی گوندی كانی ئەڵمانی وتی: لەگوندی كانی ئەڵمانی خانوویەكمان كڕی بە 180 هەزار دۆلارو هەر دوای ماوەیەك نرخەكانیان بەرزبووەوە تا نزیكەی 300 هەزار دۆلار، بەڵام لەئێستادا نرخەكەی دەگاتە 120 هەزار دۆلارو كەسیش نایكڕێت، بۆیە "من پێموایە كاتی خۆی ئەم خانووانە بەنرخێكی گرانتر بەهاووڵاتییان فرۆشراوە.

كرێچییەكانیش نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن‌و پێیانوایە هەرچەندە نرخی زەوی‌و خانووەكان دابەزیووە، بەڵام كرێ هەر وەك خۆیەتی‌و ئاماژە بەنەبوونی یاسایەك دەكەن بۆ ئەم مەبەستە. 

لەو بارەوە سەرمەند نەسرەدین كرێچی وتی: نرخی زەوی‌و خانووبەرە دابەزیووە، بەڵام نرخی كرێ هەر وەك خۆیەتی‌و "من ماوەی چوار ساڵە بەكرێی 600 دۆلار لەخانووەكەمم لەگەڕەكی شارەوانی‌و دوای دروستبوونی ئەم قەیرانەو نەبوونی موچەش، چەند جارێك داوام لەخاوەن خانووەكەم كردووە، كە كرێی خانووەكەم بۆ كەمبكاتەوەو داواكارییەكەم رەتكراوەتەوەو لەئێستاشدا مانگانە 600 دۆلار كرێی خانووەكەم دەدەم".

ماوەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوەو ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیان‌و گوزەرانی هاووڵاتییان كردووەو لەئێستاشدا چەندین پرۆژەی نیشتەجێبوون بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەكانیان لەكار كەوتووەو لەلایەكی دیكەوەش نرخی زەوی‌و خانووەكانیش روو لەدابەزینەو ئەمەش بۆچوونی جیاوازی لێكەوتووەتەوە.

هــ . ح