جەعفەر ئیمینكی: گۆڕان دەیەوێت كودەتا بەسەر حكومڕانی پارتی و یەكێتیدا بكات

کوردستان

22/02/2016‌ 3011 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت كە بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت كودەتا بەسەر حكومڕانی پارتی و یەكێتییدا بكات، بەوتەی خۆشی گۆڕان تا ئێستا هیچ قسەیەكی خێری لە دەم دەرنەچووە.

جەعفەرئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات وتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستانیشە، لە وتارێكدا نوسیویەتی"تائێستا گۆڕان قەناعەتی بەهیچ چارەسەریەك نییە بۆ قەیرانی سیاسیی هەرێم و هیچ قسەیەكی خێری لە دەم دەرنەچووە، بەڵكو هەموو هەوڵەكانی گۆڕان بۆ ئەوەیە ئەم قەیرانانە بەكاربێنن بۆ پەلاماردانی پارتی و لاوازكردنی حكومەت و پەرلەمان".

ئیمینكی ئاماژە بەوەشكردووە كە گۆڕان ئەگەر پێ بكرێت ئەم قەیرانانە زیاتر قوڵدەكاتەوە، چونكە بەبڕوای ئەو بە باشترین دەرفەتی دەزانێت بۆ ئەوەی بەرنامەكەی بباتە سەر، ئەویش بەرنامەی كودەتایە بەسەر حوكمڕانی پارتی و دواتریش یەكێتیدا.


هەر لەو وتارەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێیوایە كە پارتی زۆر درەنگ بەئاگا هاتووە لەبەرامبەر بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان، بەوتەی خۆی ئەوەش لەدوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك هەڵەی كوشندە لە سەروی هەمووشیانەوە بەستنی هاوپەیمانییەتێكی كراوە و زارەكی و بێ هیچ مەرج و چوارچێوەیەكی سیاسی لەگەڵ گوڕان.


جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت" گۆڕان خاوەن ڕوخسارێكی چاكسازی بریقەدارە و لە ناوەڕۆكدا هەڵگڕی پەیامێكی پڕ لە ڕق و كینەی مێژووییە بەرامبەر بە پارتی و بەتایبەتیش بەرامبەر بە بنەماڵەی بارزانی".


ئەم وتانەی جەعفەر ئیمینكی لەكاتێكدایە كە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی هەرێم، هاوكات خۆشی لە دوو رۆژی رابردوودا سەردانی فراكسیۆنی گۆڕانی لەپەرلەمانی كوردستان كردوەو لەگەڵیاندا كۆبووەتەوە.
س.هـ