بەشێك لەیەكێتی تۆمەتباردەكرێت بەهۆكاری دیارنەبوونی داهاتی نەوت

کوردستان

25/02/2016‌ 871 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشێك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان تۆمەتباردەكرێت بەهۆكاری دیارنەبوونی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان‌و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: قوباد تاڵەبانی لەهەموو كەس بەم دۆخە ڕازییەو بێدەنگی هەڵبژاردووە.

عەلی حەمەساڵح، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی‌و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان بۆ شارپرێس وتی: بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سامانەسروشتییەكان، وەزارەتەكە لەماوەی ساڵی رابردوودا بەردەوامبووە لەهەناردەی نەوت‌و داهاتیشی هەبووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە "داهاتەكەی دیارنییە".

عەلی حەمەساڵح، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی وزەو سامانەسروشتییەكانە لەپەرلەمانی كوردستان، وتیشی: پارتی دیموكرات، تۆمەتباری سەرەكییە بەهۆكاری دیارنەبوونی داهاتی نەوت‌و ئەوە بڕاوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی قسەكردنە بێدەنگی بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتییە، كە ئەو بەشەی سەركردایەتی هۆكاری دیارنەبوونی داهاتی نەوتن.

بەوتەی پەرلەمانتارەكە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەپشكی یەكێتی، لەهەموو كەس زیاتر بەم دۆخە رازییەو "بێدەنگی لێكردووە، تەنانەت بەرگریشی لێدەكات".

عەلی حەمەساڵح، داوا لەو كەسانەش دەكات لەناو یەكێتی شەریكی "بردن‌و دیارنەمانی داهاتی نەوتی كوردستانن، بێدەنگ نەبن‌و بەدواداچوون بكەن‌و بۆ دیارنەبوونی داهاتی نەوت، كە هۆكاری سەرەكی دروستبوونی ئەو قەیرانەیە لەهەرێمی كوردستان".

ئەم قسانە لەكاتێكدایە، بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی خۆشیان ئەوەیان نەشاردووەتەوە، كە داهاتی نەوت لەهەرێمی كوردستان "شەفاف نییەو ئاگاداری وردەكاری فرۆشتنی نەوتی هەرێم نین".

هــ . ح 

بەپەلە