خۆكوژی سیاسیە
لەناوخۆی یەكێتی نیگەرانی لەسەر سیاسەتی ئێستای ئەو حزبە دروست دەبێت

کوردستان

25/02/2016‌ 2974 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەری رێككەوتنێكی نوێ‌ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان نیگەرانی لەناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دروست دەبێت.

بەپێی چەند زانیارییەك كە لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە دەست شارپرێس كەوتووە لەسەر ئاستی كۆمیتەو مەڵبەندەكان تا سەركردایەتی ئەو حزبەش نیگەرانی لەسەر سیاسەتی ئێستای یەكێتی دروست بووە‌و بە سیاسەتێكی دوو پێوانەیی وەسفكردوە، ئەوەش بەوتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی جەخت لەوە دەكاتەوە نابێت یەكێتی دوای سیاسەتی هیچ لایەنێك بكەوێت‌و هەر جارەو بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان بكات، ئەوەش دەخاتەڕوو سیاسەتی ئێستای یەكێتی جێگای نیگەرانییە.

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت پێیوایە كەلە رەقی پارتی‌و گۆڕان دۆخەكەی خراپتر كردوە‌و دەشڵێت" پێویستیە یەكێكیان  لە كەلی شەیتان بێتە خوارەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمان‌و حكومەت كارا بكرێنەوە".

سەبارەت بە ئەگەری رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی هەرچەندە ئەوەی بە دوور زانی، بەڵام هەنگاوێكی لەو جۆرە بە خۆكوژی سیاسی بۆ حزبەكەی ناوبرد.

بەوتەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئێستا لەناوخۆی مەڵبەند‌و كۆمیتەكان جۆرێك لە نیگەرانی لە سیاسەتی ئێستای یەكێتی هەیە لەوەی كە روون نییە كێ‌ تەرجومەی ئەو سیاسەتە دەكات، هەروەها پێشیان وایە كە سیاسەتێكی دوولایەنەی ناڕوون هەیە، ئاشكراشی دەكات مەكتەبی سیاسی لە هەر رێككەوتنێكی نائاسایی ئاگادار كراوەتەوە.

پێشتر شارپرێس لە دوو هەواڵی جیادا ئەوەی ئاشكرا كردوە كە یەكێتی‌و پارتی بیرۆكەی ئەوەیان لادروست بووە حكومەتی ئێستا هەڵبوەشێننەوەو حكومەتێكی هاوبەش دروست بكەن، بڕیاریشە بارزانی لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ یەكێتی لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەو پرسە تاوتوێ‌ بكەن.
س.هـ