یەكێتی: لەلایەن پارتییەوە بۆ هیچ كۆبوونەوەیەك ئاگادار نەكراوینەتەوە

کوردستان

28/02/2016‌ 1177 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند كە هیچ كاتێكی دیاریكراو نییە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەپێگەی فەرمی حزبەكەی رایگەیاند"لەگەڵ ئەوەی كە دوێنێ نێچرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەداهاتوودا كۆبوونەوەی لایەنەكان دەستپێدەكاتەوە، بەڵام ئێمە وەك یەكێتی تائێستا لەو بارەیەوە هیچ شتێكی رەسمییمان پێ نەگەیشتووە".

پیرە ئاماژەی بەوەشكردوە كە ئەگەر كۆبوونەوەی لایەنەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی بێت، ئەوا پێویستە نوسینگەی مەسعود بارزانی لایەنەكان ئاگادار بكاتەوە لەكاتی كۆبوونەوەكە.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوان تائێستا بەرەسمی لە لایەن پارتییەوە هیچ شتێكیان پێ نەگەیشتوەو هیچ كاتێكی دیاریكراویش نیە بۆ كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی .

پێشتریش مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندبوو كە وەكو یەكێتی بەم نزیكانە لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە.
س.هـ