لای بارزانی بەربەستی كۆبوونەوەی نێوان پارتی‌و گۆڕان یوسف محەمەدە

کوردستان

29/02/2016‌ 4239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بكات بەو مەرجەی سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕێت هەر ئەوەشە گفتوگۆكانی نێوان ئەو دوو لایەنە دوا خستووە.


بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس كە لەئەندامێكی سەركردایەتی پارتییەوە دەستیكەوتووە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا سەرجەمیان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا دەست پێ بكەن‌و خۆشیان دەشتپێشخەری بكەن.


ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئاشكراشی كردوە كە بارزانی رەزامەندە لەوەی كە پارتی وەزیرەكانی گۆڕان بگەڕێنەوە حكومەت‌و پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە، بەو مەرجەی یوسف محەمەد لە پۆستەكەی لا بدرێت.


ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی رونیكردەوە كە بارزانی رەتیكردوەتەوە پۆستەكەی ئەو بووبێتە كێشەی نێوان لایەنەكان بەتایبەت پارتی‌و گۆڕانن‌و ئاماژەی بەوە كردوە كە تەنیا سەرۆكی پەرلەمان لە شەوی 19ی ئابی ساڵی رابردوو هەموو شتێكی تێكداوە.


هەروەها بەوتەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی  پارتی بارزانی زۆر نیگەران بووە لە سەرۆكی پەرلەمان‌و وتوشیەتی" من لاریم نییە لە كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و كۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان، بەڵام دەبێت یوسف محەمەد لەدەرەوەی گفتوگۆكان بێت".
س.هـ