ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ بڕیاردان كۆدەبێتەوە

کوردستان

13/03/2016‌ 1760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان پرسی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەباتە ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكەی‌و ئەنجوومەنەكەش چاوەڕێی كۆتایی هاتنی گفتوگۆكانی هەردوولا دەكات.

بڕیارە ئەم هەفتەیە، (كە تائێستا وادەكەی دیارینەكراوە)، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كۆببێتەوە، كە ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی ئەو رێككەوتنەیە، بڕیارە یەكێتی لەگەڵ پارتی واژووی بكات.

ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی لەلێدوانێكی بۆ شارپرێس وتی: هەركاتێك یەكێتی بیەوێت بڕیارێك بدات، ئەوە پێویستە بگەڕێتەوە ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەوەش بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

لەبارەی ئەو كۆبوونەوەی بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجامی بدات، ئارێز عەبدوڵڵا وتیشی: كۆبوونەوەكە ئەنجامدەدرێت، بەڵام تائێستا وادەكەی دیارینەكراوە، كە ئامانجیش لەكۆبوونەوەكە بۆ بڕیاردان دەبێت لەو گفتوگۆیانەی چ یەكێتی لەگەڵ پارتی كردوویەتی، یان لەگەڵ گۆڕان كردووەیەتی بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی هەرێم.

بەپێی زانیارییەكان لەكۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بڕیاردراوە پرسی رێككەوتنی یەكێتی‌و پارتی لەبارەی ئاسایكردنەوەی دۆخی هەرێم ببرێتە ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەوەش بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكە لەناو یەكێتی.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە، كە بەپێی سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ بڕیاردان بووە لەو رێككەوتنەی بڕیارە یەكێتی لەگەڵ پارتی ئەنجامی بدات، بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە زۆربەی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەشداریدەكەن، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی، كە بڕیارە لەلایەن هەموو باڵە ناكۆكەكانی حیزبەكەوە دەربكرێت، هەروەها بردنی ئەو پرسەش بۆ سەركردایەتی بۆ هەمان مەبەست دەبێت.

پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی ماوەیەكە گفتوگۆ دەكەن بۆ رێككەوتنێكی نوێ‌، ئەوەش بۆ دروستكردنی حكومەتێكی زۆرینە لەنێوانیان‌و بۆ ئەو مەبەشتەش ئەمڕۆ شەممە بڕیارە جارێكی تر ئەو دوولایەنە كۆببنەوە.

هــ . ح

بەپەلە