خەرجییەكانی حكومەت لەبواری كارگێڕیدا ٥٠% كەمكراوەتەوە

کوردستان

15/03/2016‌ 853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی لەكۆتایی ساڵی رابردووەوە ٤١ بڕیارو فەرمانی بۆ چاكسازی لەبارودۆخی كارگێڕی‌و ئابووری هەرێمی كوردستان دەركردووە، كە بەهۆی بڕیارەكانەوە خەرجی حكومەت كەمیكردووە. 

كۆی گشتی ئەم بڕیارو فەرمانانە یەك ئامانجی هەیە، ئەویش كەمكردنەوەی خەرجی‌و زیادكردنی داهاتە لە‌ڕێی پێداچوونەوەو چاكسازیكردن لەسەرجەم بوارەكاندا، ئەم بڕیارانەش بەشێكیان درێژخایەنن‌و حكومەت كارایانە كارایان لەسەر دەكات‌و بەشێكی تریشیان، كە دەگاتە زیاتر لە ٤٠% جێبەجێبووە.

ناوەندی هەواڵی ئازاد، لەزاری گۆران شێخ مستەفا، ماستەر لەگەشەپێدانی ئابووری‌و شرۆڤەی سیاسەتەكان، هەروەها ئاگادار لەرەوشی چاكسازی، باسی لەزۆربەی ئەو بڕیارانە كرد، كە بە بەشداریی سەرجەم وەزیرەكانی حكومەت دەرچووەو بەڕیوەدەبرێت‌و تایبەت بوون بەپێداچوونەوەو چاكسازی لەهەموو بوارەكانی موچەو دەرماڵەكان، داهات‌و خەرجییەكان، خەرجی خزمەتگوزاری‌و كارگێڕییەكان، نەوت‌و گازو وەبەرهێنان، رەسم‌و باج‌و گومركەكان.

بەوتەی ناوبراو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری كارگێڕیدا تائێستا خەرجییەكانی بە‌ڕێژەی ٥٠% كەمكردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی چاوخشاندنەوە بەپێشینەی وەزارەتەكان‌و ڕاگرتنی خەرجییە ناپێویستییەكان. 

گۆران شێخ مستەفا ئەوەشی ڕاگەیاند، كە لەئێستادا لە‌ڕێی لیژنەیەكی باڵاوە سەرقاڵی تێكەڵكردنی ژمارەیەك لەبەڕێوبەرایەتییەكان‌و یەكە ئیدارییەكانە، لەلایەی دیكەش خەریكی دیراسەتكردنی تەرشیقی حكومەت، ئەمەش لەداهاتوودا كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی زیاتری خەرجییە كارگێڕییەكان دەبێت.

گۆران شێخ مستەفا راشیگەیاند، حكومەت وەزارەتەكانی ڕاسپاردووە بەدیراسەتكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشەكەشی دەكەن، كە قابیلی ئەوەن بدرێنە كەرتی تایبەت، بەمەرجێك كواڵییەتی خزمەتگوزارییەكان باشتر بێت، بەمەش وەك ئەو شارەزایەی ئابووری باسی كرد حكومەت لەلایەك دەرفەت بۆ كارابوونەوەی كەرتی تایبەت دەڕەخسێنێت‌و لەلایەكی دیكەش خەرجییەكانی خۆی كەمدەكاتەوە.

سەبارەت بەزیادكردنی داهات، ئەو شارەزایە، ئاماژەی بەدەرچوونی ژمارەیەك بڕیاری گرنگ لەبواری سیاسەتی دارایی‌و بانكی كرد لەپێناو ڕێكخستی ڕەسم‌و گومرك‌و باجەكان، لەلایەكی دیكەش وەرگرتنەوەی قەرزەكان‌و تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون ئەوانەی لەسەر سندوقی وەبەرهێنان دروستكراون. 

زیادكردنی شەفافیەتی نەوت‌و گاز، تەوەرێكی دیكە بوو و لەو بارەیەوە، گۆران شێخ مستەفا، ئاگادار لەڕەوشی چاكسازی، دەرچوونی ژمارەیەك بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەگرنگ دانا لەڕووی ڕەخساندنی هەلی یەكسان‌و كێبڕكێ‌و مزایەدەكردن بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكانی كۆندێنسەیت‌و گازی شل، هەروەها بۆ چۆنییەتی ئاڵوگۆڕی داهاتی نەوت لەدۆلارەوە بۆ دینارو پێكهێنانی بۆردی داهات بۆ سەرپەرشتیكردنی سەرجەم داهاتەكانی كوردستان.

سەبارەت بەدیاردەی دوو موچەیی‌و ناعەدالەتی لەموچەو دەرماڵەكانیش، بۆ ناوەندی هەواڵی ئازاد ئەوەی ڕوونكردەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی كۆكردنەوەی داتاو زانیاریی وردو بەراوردكردنی مانگا‌نەی سەرجەم داتاكانە. 

هەروەها بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش، حكومەت لیژنەیەكی باڵای راسپاردووە بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتوو، كە بەربەست دەبێت لەبوونی دوو موچە، هەروەها بنكەیەكی زانیاریی فراوان دروست دەكات بۆ وەرگرتنی هەر بڕیارێك تایبەت بەدەرماڵە‌و موچەی چین‌و توێژە جیاوازەكان.

هــ . ح