لێدوانەكانی كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم كێشەكانی یەكێتی قووڵتردەكاتەوە

کوردستان

27/03/2016‌ 1809 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێدوانەكانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە كێشەكانی یەكێتی قووڵتردەكاتەوە، لەكاتێكدا پێشنیازێكیش بۆ بەستنی گۆنگرەیەكی تەوافوقی لەناو ئەو حیزبەدا هەیە.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو كۆسرەت رەسوڵ، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رایگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی یەكێتی بكرێتە "حیزبێكی بنەماڵەیی"، كە جەختیشیكردەوە، ئەوان رێگری لێدەكەن، هەروها ناوبراو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی تۆمەتباركردبوو، بەوەی "دەسەڵاتی ئیداری‌و دارایی یەكێتی قۆرغكردووە"، لەبەرانبەردا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ یەك شەممە بەڕوونكردنەوەیەك وەڵامێكی توندی كۆسرەت رەسوڵی دایەوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە بۆ شارپرێس قسەی كرد، ئەم لێدوانانەی بەرپرساتی یەكێتی كێشەكانی ناو حیزبەكە زیاتر قووڵدەكاتەوەو راشیگەیاند "ئەگەر هەیە كێشەكان بگەنە بنبەست، كە تائێستا چەند جارێك هەوڵی چارەسەری داوە".

سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، ئەوەشی راگەیاند، كە ئەم لێدوانان‌و قسانە بەرپرسانی یەكێتی نیگەران كردووە، ئەوەش بەهۆی مەترسیان لەخراپتربوونی دۆخی ناوخۆی یەكێتی.

سەرچاوەكە ئەوەشی بۆ شارپرێس ئاشكراكرد، كە ئەم لێدوانانە لەكاتێكدایە، كە لەلایەن باڵی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی "پێشنیازێك كراوە بۆ بەستنی كۆنگرەی تەوافقی، ئەوەش لەپێناوی بەرەو چارەسەربردنی كێشەكان".

لەبەرانبەر ئەو پێشنیازەدا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەروونكردنەوەكەدا رایگەیاندووە "من بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ ئەوەدا نیم، كە پێش كۆنگرەو لەپشتی پەردەوە سازان‌و رێككەوتن‌و پشك پشكێنە بكرێت، بۆ دانانی ئەندامانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی".

بەوتەی هێرۆ ئیبراهیم، "هەڵگرانی ئەم مەنتیقە دژ بە كۆنگرەن‌و بیانوو بۆ نەبەستنی دەهێننەوە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیشیكردووەتەوە، كە هەمووان دەزانن لەگەڵ "ئەوەدام هەر چی زووە كۆنگرە بگیرێت‌و كێشەكان لەكۆنگرەدا یەكلابكرێتەوەو دەبێت ئەو كۆنگرەیە، كۆنگرەیكی ئازادو شەفاف بێت، كە تێیدا بوار بۆ گشت كادرو ئەندامانی یەكێتی‌و نوێنەرانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان برەخسێنێت".

كێشەكانی ناو یەكێتی پەیوەندی بەململانێی ناو باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی هەیە، كە بەهۆی كێشەكانەوە تائێستا كۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە نەبەسراوە، كە دەبوو لەساڵی 2013 ئەنجامبدرێت.

هــ . ح