شكستی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لەگۆڕینی عێراق

ئابوری

29/03/2016‌ 728 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: شیلان بیبانی
لە پاش ساڵی 2003  دا باری ئابوری عێراق هیچ كات بە شێوازێ ئەم دوو ساڵە بەرەو تیكچوون نەرۆیشتوە ، بەتایبەت لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆریست و سەرباری گەندەڵی دارایی ئەم وڵاتە كە وایكردوە هاتنەژوورەوەی وەبەرهێنەرە بیانیەكان سنورداربێت ، هەرچەندە بودجەی ئەمساڵی  عێراق كە خۆی لە 100 ملیار دۆلار دا بەڵام %80 بۆ خەرجیاتی مووچە رۆیشت و تەنها نزیكەی %20 بۆ كەرتی وەبەرهێنان تەرخانكرا ، ئەوەی جێگەی باسكردنە ئەم بڕەش بۆ تەواوكردنی پرۆژە راوەستاوەكان بەكاردەهێنریت و دوور لە پرۆژەی نوێ ، ئەگەر چاوێك بە مێژووی ئابوریدا بخشێنین ئەوا لەو ماوەیەی پێشوودا بودجەی ئەم وڵاتە بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە كە هیچ دەوڵەتێك ئەو زیادبونە كتوپرەی بە خۆە نەبینیوە و فرۆشتنی نەوتیش زۆر زیادی كردووە  ، لە بەرامبەردا كێشەو گرفتی زۆر لە ناوخۆی ئەم وڵاتە دروست بووەو رێژەی بێكاری و هەژاری زیادی كردووە ، خزمەتگوزارییەكانیش بە پێ پیویست نەبووە جا چ لە رووی كارەبا و تەندروستی و بازاڕ و دابین كردنی سەلامەتی و ناهاوسەنگی بودجە و داهات دەركەوتووە ، تاكە پێناسەش  لە لایەن عێراق و هەموو دونیا بۆ ئەم حاڵەتە تەنها گەندەڵی بوو .

سەیر لەوەیە رۆژنامەی بزنس ئینسایدری ئەمریكی زۆر بە ئومیدەوە لە مەسەلەكانی رۆانیبوو و باسی لە ئابوری عێراق كردبوو سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت كە دەكاتە نیوەی بەرهەمی خۆماڵی سەرجەم بۆ وڵات و رێژەی %90 داهاتی حكومەت دەست نیشان دەكات ،باس لەوە دەكات كە وەبەرهێنەرەكان لەسەر مەسەلەی نەوت زیاتر هەوڵی چاودێری و ووردبینی كردنی مەسەلەی ئەم پیشەسازییە دەدەن ، هەروەها ئیشارەت بەوە دەكات كە ئەو بڕە زۆرەی بەرهەمهینان و هەناردەكردنی نەوت خاڵیكی ئەرینیە و باس لە باشی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دەكات؟!!! لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە یەكەم وەبەرهێنەرانی عێراق تا ئەوپەری باری خراپی رۆیشتوە بە پێ داتاو بەڵگەكانی حكومەتی عێراق و تەنانەت ئاماژەپێكردنی لە پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2016 و خاڵیكی تر بۆ ئەم باسە كەی و لە چ كاتێكدا پەیوەندی نێوان هەرێم و حكومەتی بەغدا باش بووە لە رووی سیاسی و ئابورییەوە ؟!  یا شتێك رۆیداوە و ئێمە وەكو هاوڵاتیەكی ئەم جێگایە ئاگامان لێ نییە ؟؟ مەسەلەی ئابوری كوردستان و عێراق بووتە موزایەدەیەكی سیاسی و زۆرجار رۆژنامە و گوڤارەكان لاپەرەكانیان پێ دەنەخشێنن . 


هەرێمی كوردستان زۆر ئەستەمە بگاتە شێوازی رێكەوتنێك چونكە كێشەی گەندەڵی كارگیری باڵی بەسەر مەسەلەكان كێشاوە ، لە هەموو دونیادا دیاردەی گەندەڵی  هەبووە هەر بۆیەشە رێكخراوێك دامەزرا  بۆ بنەبڕكردنی  بەناوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ، سەبارەت بەم رێكخراوە لە ساڵی 1990 دا لە ئەڵمانیا وەك كارێكی ناحكومی دامەزراو مەبەستەكانی لێكوڵینەوەو شیكردنەوەی گەندەڵی سیاسی و ئابوری و هەموو جۆرەكانی دی بوو ، ساڵانە راپورتی تایبەتی خۆیان هەیە كە بە هێمای گەندەڵی ناودەبرێت و تیایدا لیستی ناوی دەوڵەتەكانی دونیای تێدایە و بەراوردكردنیان بە پێ ئاستی بوونی گەندەڵی ، بە پێ ئەم راپۆرتەش ساڵی 2012 عێراق ژمارەی 169 بوو لە جیهاندا  و 1.8 خاڵی هەبوو و لە نێوان دەوڵەتە عەرەبیەكانیش پلەی سییەمی بە دەست هێنا لە پاش سوماڵ و سودان ، هەر لەم ساڵەدا 2012 عێراق توانی ببێتە ئەندام لەم رێكخراوە چونكە زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە كاری دەرهێنان و هەناردەكردن كاردەكەن بەشدارن لەم رێكخراوە، لەم بارەیەشەوە عێراق وەك ئەندامێك لەو رێكخراوە  دەبێت هەموو زانیاری تەواوەتی دەربارەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی بداتە دەستی ئەم رێكخراوە و لە شێوەی راپورتێك بێت كە داهات و خەرج و هەموو كارەكان بگرێتە خۆ  .

پەرلەمانی عێراق جێگەی خۆشحاڵیان بوو پاش بوونە ئەندامی لەم رێكخراوە چونكە پیشتر هیچ راستیەك نەبوو دەربارەی داهاتی نەوت و وردبینی و چاودیرێ و لەو بڕوایەدابوون كە ئەم رێكخراوە كارئاسانی تەواوەتی دەكات لە دەرخستنی راستیەكان و روونكردنەوەی ژمیریاری ئەم وڵاتە  ، رۆیشتن و هەنگاونان بۆ ئەم رێكخراوە لە ئەنجامی  گرفتەكانی ناوخۆی عیراقەوە دەستی پێكرد  چونكە تەنانەت لە ناو پەرلەمانیش نەگەیشتوبوونە ئەنجام كە تیایدا گەندەڵی چارەسەربكرێت هەموویان سەرقاڵی بەربەرەكانی و ململانێ سیاسی بوون ، خاڵیكی تریش  لە كاتێكدا كە یاسایەكی كاریگەر نەبووە لە بواری نەوت و گاز پەێرەوبكرێت ، هەر بۆیەشە ئومێدی حكومەتی عێراق لە شەفافیەتی كارەكانەوە دروست بوو  و پەردە لەسەر گەندەڵی لادەبرێت ، لەم كاتەدا وەكالەتی ئەمەریكی بۆ پەرەپیدانی نێودەوڵەتی واژۆیەكێ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی كرد تیایدا جەختی لەسەر باشتركردن و بەریوەبردنی شەفافیەت  و چاككردنی رێگاكانی و بەرەوپیشبردنی ئالیات و ئامیرەكانی  و دانانی باشترین جۆری كومپیوتەر بۆ داخل كردنی زانیاری تەواوەتی لەسەر بودجە و داهاتەكانی نەوت كرد و هاندەری رێگای شەفافیەت بوو ، بەڵام گەندەڵی ئەم وڵاتە لەناو خودی زاتی حكومەتەوەیە بۆیە ژمارەی نادروست و راپورتی هەڵە ڕەوانەی ئەو رێكخراوە دەكات ،  لە ئەمساڵدا هەر بە پێ رێكخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی پێنج وڵات (سودان ، لیبیا ، عیراق ، سوریا ، یەمەن ) بە یەكێك لە وڵاتە پیشەنگەكانی دونیا هەژماركرا بۆ گەندەڵی كە لە نێوان 10- 19 پلەیان بە دەست هێنا ، جگە لەوانەش سوماڵ و كوریای باكور و ئەفغانستان پلە باڵاكانی گەندەڵیان بە دەست هێنا ، بە پێ ئەو ئاستەی كە عێراقی پێ گەیشتووە بۆ ساڵی 2015 وا دەكات كە  دەرەنجام ئەم رێكخراوە شكستی هێناوە لە گۆڕێنی ئەو وڵاتە  .