كاریگەرییە ئابوورییەكانی دەرچوونی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا

ئابوری

26/06/2016‌ 1584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئومێد قەرەداخی
دروستبوونی یەكێتی ئەوروپاو دواتریش دراوی هاوبەشی یۆرۆ، لە بنەڕەتدا وەك پێداویستیەكی ئابووری هاتۆتە كایەوە، تا لەم رێگایەوە زەمینەی فراوانبوونی بازاڕ و ئیمكانی ساغكردنەوەی كاڵا و زیادبوونی دەستی كار و ئاسانكردنی بازرگانی دەرەكی و جوڵەی هۆكارەكانی بەرهەمهێنان مسۆگەر بكەن. 

ئەمەش لە پێناو گەشەكردنی ئابووری نیشتیمانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیەكەدا، چونكە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا باش لە هەلومەرجی ئابووری دوای جەنگی سارد و سیستمی نوێی جیهان تێگەیشتبوون، لەوە گەیشتتبون سەردەمی نوی سەردەمی سەرهەڵدانی تەكەتولاتی نوێی ئابوورییە و زلهێزی نوێی ئابووری لە دەركەوتندان.

 ئابوورییە نیشتیمانیە لۆكاڵەكان شانسی كێبركێكردنیان لە بازاری جیهانیدا لاوازە، لەم روانگەیەوە یەكێتی ئەوروپا پێكهات، بەڵام جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا هۆكارێكی ئابووری نییە، ئەنجامی خوێندنەوەی دۆخی ئابووری جیهانی و پێویستیەكانی گەشەكردنی ئابووری نیشتیمانی نییە، بەڵكو ئەنجامی ترسە، ترسە لە بێگانە، ترسە لە پەنابەر، ترسە لە مسوڵمان، ترسی لە نەمانی هەلی كار بەهۆی لێشاوی هاوڵاتیانی ئەوروپای رۆژهەڵاتەوە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە تازە بوونەتە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا. 

ساڵانێكی زۆریشە راسیستەكان و ئیسلامۆفۆبەكان رەواج بەم ئاراستەیە ئەدەن، دروستبوونی داعش و كارە تیرۆریستیەكانی ئەم دواییەی ئەوروپاش كۆمەكی گەورەی بە جەماوەریبوونی ئەم ترسە كرد و سەرەنجام قەناعەتی بە هاوڵاتیانی بەریتانیا كرد كە دەرگا بەسەر خۆیاندا دابخەن و بگەرێنەوە نێو ماڵی داخراوی وڵات و لە سنووری جیهانی یەكێتی ئەوروپا بكشێنەوە، بریاری دروستكردنی یەكێتی ئەوروپا بڕیاری نوخبەی ئەوروپی بوو لەسەر بناغەی زانستی و بەشێوەی دیراسەكراو بریاری لێدرا، بەڵام دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا بەرهەمی ترس و گومانە و جەماوەر دەنگیپێدا.

 پرسیاری گرنگە ئەوەیە كاریگەرییە ئابوورییەكانی ئەم دەرچوونەی بەریتانیا چییە؟ چ كاریگەرییەك لە سەر ئابووری بەریتانی و ئەوروپی و جیهانیش بەجێدێلێت، لەم لایەنەوە دەتوانین سەرنجی چەند خاڵێكی گرنگ بدەین:

یەكەم:
بەریتانیا پێگەیەكی گرنگی لە یەكێتی ئەوروپادا هەیە ، چونكە هەمە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەیە و هەم لە رووی هێزی ئابوورییەوە ئابوورییەكی بەهێزی ئەورپایە، بەریتانیا دانیشتوانەكەی نزیكەی 15% سەرجەم دانیشتوانی یەكێتی ئەوروپا پێكدێنێت كە بە پێی ئاماری ساڵی 2015 ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە 509 ملیۆن كەس، لە رووی هێزی ئابوورییەوە لە دوای هەریەك لە ئەلمانیا و فەرەنساوە بەریتانیا دێت، بەریتانیا كارەكتەرێكی ئابووری هەرە چالاكە لە یەكێتی ئەوروپادا، 47% سەرجەم هەناردەكردنی بەریتانیا بۆ یەكێتی ئەوروپا بوە، 53% سەرجەم داهاتی بەرییتانیا لە رێگەی ئاڵوگۆر و پەیوەندی ئابووری لەگەڵ یەكێتی ئەوروپاوە بەدەستهاتوە ، رێژەیەكی یەكجار گەورەی كۆمپانیا بەریتانیەكان لە چوارچێوەی یەكێتی ئەوروپا كار ئەكەن و زیاتر 3.3 ملیۆن هەلی كاری بۆ بەریتانیەكان رەخساندوە ، ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بە قەربارەیەكی گەورە كە دەگاتە 700 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بەریتانیا ئەكەن، كە ئەم رێژەیە نزیكەی 50% سەرجەم وەبەرهێنانی بیانیە لە بەریتانیا ، بەشێوەیەكی گشتی تێكرای گەشەی ئابووری بەریتانیا بۆ ساڵی 2014 گەیشتۆتە 2% ئەمە لە كاتێكدا تێكرای گەشەی ئابووری وڵاتانی دیكەی ئەندام 0.9% بوە، واتە گەشەی ئابووری بەریتانیا دوو بەرانبەری لەگەشەی ئابووری هەر وڵاتیكی دیكەی یەكێكتیەكە بوە، بۆیە بەریتانیا زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت، لە داهاتووی نزیكدا توشی گرفتی ئابووری و زیادبوونی بێكاری و كەمبوونەوەی بڕی هەناردەكردن و لەوێشەوە كەمبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و لاوازی سەرمایەگوزاری بیانی ئەكات ، تێكرای ئەمانەش وا ئەكەن ئابووری نیشتیمانی بەریتانیا بە قۆناغێكی سەختدا تێپەڕ ببێت، بەڵام دیار نییە ئایا لە ماوەی درێژخایەندا ، ئابووری بەریتانیا بە كۆی ئەگات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەكەوێتە سەر ئاستی توانا و لێهاتووی نەخشەدانەرانی دارایی و بانكی و سیاسیەتی دارایی دەوڵەت و وزەی بەرهەمهێنان لە ناوخۆی بەریتانیادا بەوەی تا چەند ئەتوانێت ئەڵتەرناتیڤی نۆی بۆ یەكێتی ئەوروپا بدۆزیتەوە و رێگای نوێ بۆ گەشە پێدانی ئابووری بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە

لەم پرۆسەیەدا بەتەنها بەریتانیا زیانی نەكردوە ، بەڵكو كۆی وڵاتانی دیكەی یەكێتی ئەوروپا توشی زیاندەبن ، یەكێتی ئەوروپا بە دەرچوونی ئابوورییەكی بەهێزی وەك بەریتانیا لاوازی گەورە رووی تی ئەكات، ئەبێت هۆی لاوازبوونی متمانەی وەبەرهێنەران و بچووكبوونەوەی بازار و كەمبوونەوەی قەبارەی ئاڵوگۆر و دابەزینی ئاستی هەناردەكردن و هاوردە كردن، بەمەش زیانێكی گەورەی دولایەنە بەر هەریەك لە بەریتانیا و لە یەكێتی ئەوروپا ئەكەوێت

دووەم : كشانەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا لە كاتێكدایە ركابەرە بەهێزەكانی ئابووری ئەوروپا بەهێزتر ئەبن و رووبەری گەورەتر لە بازاری جیهانی بۆ خۆیان داگیر ئەكەن، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەرەرای ئەوەی وەك یەكەمین و بەهێزترین ئابووری جیهان ماوەتەوە، ویلایەتە یەكگرتوەكان لە ساڵی 1992 وە هەتا ئێستا رێكەوتنێكی بازرگانی و ئابووری ستراتیژی لەگەڵ هەریەك لە كەنەدا و مەكسیك ئیمزا كردوە، ئەم رێگەوتنە كە بە رێكەوتنی بازرگانی ئەمریكای باكور North American Free Trade Agreement (NAFTA) ناسراوە، ئەم رێكەوتنە دەرگای كردۆتەوە بۆ دروستكردنی گەورەترین بازار بۆ كاڵای هەر سێ وڵات و سودمەنترینیان ئەمریكایە، دانیشتوانی ئەم 3 وڵاتە دەگاتە زیاتر لە 490 ملیۆن هاوڵاتی، ئەمە لە كاتێكدا ژمارەی تەواوی دانیشتوانی یەكێتی ئەوروپا 509 ملیۆن كەسە، ئەمەش نیشانی ئەدات ئەمریكا لەبەردەم بازارێكی گرنگی ئابووریدایە كە تێكڕا گەشەی زیاتر بە ئابووری ئەمریكا ئەدەن، بەرانبەر بەمە ئابووری بەریتانیا دوای كشانەوەی لە یەكێتی ئەوروپا چی هەیە؟ دەنگدەری بەریتانیا بازارێكی 501 ملیۆن كەسی لە كیس خۆیدا؟ زیاتر لەمەش ئایا بەریتانیا دەتوانێت هاوشانی زلهێزە ئابورییە نوێیەكانی جیهان كێبركێ بكات، چەندین وڵاتی نوێ لەسەر ئاستی ئابووری بەهێزێكی زۆرەوە دەركەوتوون و بەیتانیایان خستۆتە پەراوێزەوە، بۆ نموونە دەتوانین سەرنجی وڵاتێكی وەك چین بدەین ، ئیسَتا چین لە دوای ئەمریكا بە دوەم هێزی ئابووری جیهانی لەقەڵەم ئەدرێت و تێكڕای داهاتی نیشتیمانیەكەی لە ساڵێكدا ئەگاتە 7298,147 ملیار دۆلار، دوای ئەویش هەریەك لە یابان و ئەلمانیا و فەرەنسا و بەرزایل دێن، ئەمە سەرەرای دەركەوتنی چەندی هێزی ئابووری ئاسیایی تازە لەوانە مالیزیا و كۆریای باشوور و سەنگافوورە، بەرانبەر بەمە سیاسەتی دارایی و ئابووری شانشینی یەكگرتوو ئەتوانێت چی بكات و چ رۆڵێك لەسەر ئاستی جیهانیدا بگێڕێت؟

سێیەم: دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا ئەگەرێكی بەهێز لە بەدوای خۆیدا ئەهێنێت ئەویش هاندانی ئابوریە بەهێزەكانی دیكەی وەك فەرەنسا و ئەڵمانیایە بۆ دەرچوون لەو یەكێتیە، ئەمەش راستەوخۆ مانای كۆتاییهاتنی ئەو یەكێتیە ئەگەیەنێت، بێگومان كۆتایهاتنی یەكێتی ئەوروپا و دابەشبوونی بۆ چەند یەكەیەكی ئابووری بچووك و لاواز دەرگایەكی گەورە ئەكاتەوە بەرووی ئابورییە بەهێزەكانی وەك ئەمریكا و چین و یابان بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتر بازار و دروستكردنی تەكەتولات و ناوەندی بازرگانی گەورەتر و فراوانتر