هیچ كاتێك بۆ بەستنی كۆنگرە دیارینەكراوە
دوو باڵە ناكۆكەكەی یەكێتی كۆنگرە بەچارەسەری كێشەكان دەزانن

کوردستان

19/10/2016‌ 941 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی هەردوو باڵە ناكۆكەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە، كە چارەسەری كێشەكانی حیزبەكەیان ئەنجامدانی كۆنگرەیەو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەش دەڵێت: ״ئەگەر هەیە هەندێك لەبرادەرانی سەركردایەتی‌و مەكتەب سیاسی بۆ كۆنگرە خۆیان كاندید نەكەنەوە״. 

هەفتەنامەی ئاژانس لەزاری عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە، ״كۆنگرەی یەكێتی كێشەكانی یەكلادەكاتەوە، ئەو ناكۆكییانەی هەیە دەبێت بەر لەكۆنگرە چارەسەربكرێت‌‌و تا حەددێكی باشیش دەبێت ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی تێگەیشتنیان هەبێت بۆ بەرنامەی سیاسی یەكێتی لەكۆنگرەدا״.

عەدنان موفتی راشیگەیاند "ئەگەر كۆنگرە ئامادەكاری بۆ بكرێت دەبێت بەكۆنفڕانسی هەڵبژاردنی مەڵبەندەكان ئەنجامبدرێت بۆ نوێكردنەوەی سەركردایەتی مەڵبەندەكان‌و دەستنیشانكردنی ئەندامانی كۆنگرە بەهەڵبژاردن، كە بەوتەی ناوبراو ئەگەر هەیە لەو ماوەیەدا هەندێك لەو سەركردایەتی‌و مەكتەب سیاسییانەی هەیە خۆیان كاندیدنەكەنەوە‌و خەڵكی نوێ بێنە پێشەوە".

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیكردووەتەوە، كە حیزبەكەی "كەسی لێزیاد نییە‌و كەسیشی كەم نییە، بەڵام كۆنگرە بڕیار دەدات كێ دەچێتە سەركردایەتییەوە".

ئێستا بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە ئەو حیزبە بەتەواوی دابەشی دوو بەرەوە بووە، بەرەكانیش بریتین لەباڵی "دەسترۆیشتوو، كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی سەرۆكایەتی دەكات"، لەگەڵ باڵی "ناوەندی بڕیار، كە كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵحی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكەن".
 
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەدواكۆبوونەوەیدا لە 15ـی 10 تاوتوێی ئەنجامدانی كۆنگرەی كرد، لەكاتێكدا زۆرینەی باڵی ״ناوەندی بڕیار״ بەشدارییان نەكردو بڕیارە بۆ هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجامبدەن‌و بانگهێشتی جێگرانی سكرتێری گشتی بكرێت بەمەبەستی كۆتاییهێنان بەناكۆكییەكانی نێوان هەردوو باڵەكەی یەكێتی.

هاوكات سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی ״باڵی دەسترۆیشتوو״ ئاماژە بەوە دەكات، كە لەدوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكەیدا باس لەوە كراوە، كە دەبێت بەرەو كۆنگرە بڕۆن، بەڵام كات دیاری نەكراوە.

سامان گەرمیانی بۆ هەفتەنامەكە وتیشی: ״پێمانوایە كۆنگرە زۆر شت چارەسەردەكات، كێشەكانیش بەو شێوەیە گەورە نین، كێشەی شەخسین‌و بەشێكیان كێشەی دەسەڵات‌و هێز‌و پارەیە״.

بەستی كۆنگرە بۆ باڵی ״ناوەندی بڕیار״یش گرنگە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان، بەڵام بەمەرجەوە دەچنە كۆنگرە، لەو بارەوە شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، كە هاوكات وتەبێژی باڵی ״ناوەندی بڕیار״ە بە “ئاژانس”ـی ڕاگەیاند: ״كۆنگرە چارەسەری كێشەكانمان دەكات، بەڵام كۆنگرەیەكی بێغەشی بێتەداخولی بێخۆسەپاندن كێشەكان چارەسەردەكات״.

هـ ـ ح