چارەنووسی رێككەوتنی گۆڕا‌و یەكێتی
چەند پێشنیازێك بۆ كاراكردن، یان هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكە دەخرێتەڕوو

کوردستان

19/10/2016‌ 3955 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: رێبوار حەمەوەیس
چارەنووسی رێككەوتنی گۆڕا‌و یەكێتی بەهۆی چەند كێشەیەكەوە بەنادیاری ماوەو چەند پێشنیازێك بۆ كاراكردن، یان هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكە دەخرێتەڕوو 

پێنج مانگ لەمەوبەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان رێكەوتنامەیەكی 25 خالیان واژووكرد، ئەوەش بەئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان‌و گۆڕینی هاوكێشەی هێز لەهەرێمی كوردستان‌و چارەسەركردنی ئەو كێشەو قەیرانە سیاسی‌و ئابوورییانەی بەرۆكی خەڵكیان گرتووە.

رێكەوتنەكە لەكاتی خۆیدا پێشوازییەكی فراوانی لەلایەن خەڵك‌و حیزبە سیاسییەكان جگە لەپارتی دیموكراتی كوردستان لێكراو هەموان هیواخوابوون بتوانێت هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ یەكخستنەوەی ناو ماڵی كوردستان‌و چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەت پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان‌و كۆتایی هێنان بەقەیرانی دارایی، بەڵام دوای پێنج مانگ رێكەوتنەكە جگە لەچەند هەنگاوێكی نیوە ناچاڵ هیچی تری لێبەرهەمنەهاتووەو زۆرینەی خاڵەكانی هێشتا لەسەر كاغەز ماونەتەوە.

بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، رێككەوتنەكە لەقۆناغێكی سیاسی هەستیاردا ئیمزاكراو هەوڵێكی سیاسی باش بوو دەربازكردنی هەرێم لەو دۆخە سیاسییەی چەقبەستووەی تێیكەوتوو، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی‌و نەبوونی ئیرادەیەكی سیاسی راستەقینە لەلای هەردوولا نەتوانراوە لایەنی كەم ببێتە فشارێكی راستەقینە بۆ ئەوەی لایەنەكان ناچاربن لەسەر مێزی گفتوكۆ دابنیشن بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان، یاخود لەسنووری پارێزگای سلێمانی ژیانێكی نوێی سیاسی بهێنێتەوە ئاراوە.

دوای راگەیاندنی باڵی ناوەندی بریار لەلایەن جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی لەیەكی ئەیولی ئەمساڵ‌و قووڵبوونەوەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی  رێكەوتنی گۆڕان‌و یەكێتیش چووەتە قۆناغی متبوون‌و ماوەی  نزیكەی دوو مانگە سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان، كە بەپێی رێككەوتنەكە پێكهێنراوە هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی نەكردووە بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێكەوتنەكە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتوون، لەناو هەڵسوڕاوان‌و جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕاندا  فشارێكی جدی دروستبووەو داوا دەكەن بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیەوە رێكەوتنەكە هەڵپەسێردرێت، یاخود هەڵبووەشێتەوە.

لەو بارەوە ئیسماعیل نامیق ریكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆران تایبەت بەشار پرێسی راگەیاند، رێكەوتنی گۆڕان‌و یەكێتی رانەگیراوە، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی سستبووەو وەكو پێشتر كارەكانی ناچنە پێشەوە.

ئیسماعیل نامیق، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕانیشە، راشیگەیاند "هەردوو باڵەكەی یەكێتی تائێستاش لەگەڵ رێكەوتنەكەدان، بەڵام  لەئێستادا رێكەوتنەكە سستەو لەخواستی گۆڕاندا نییە، چونكە گۆڕان خوازیاربوو وەك پێشتر كاری جدی بكرایە بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی".

دواین كۆبوونەوەی فەرمی سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی لە 24ی ئابی رابردوودا بەسەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفاو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدراوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، جگە لەو فشارانەی لەناو بەشێك لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان هەیە، ئێستا لەناو سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و بەرپرسانی یەكێتیش، پێشنیازێك گەلاڵەكراوە، كە تێیدا داوا دەكات لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان‌و هەردوو باڵەكەی یەكێتی سەركردایەتییەكی هاوبەشی نوێ بۆ كاراكردنی رێكەوتنەكە پێكبهێنرێت.

لەبارەی ئەو پێشنیازەی لەلایەن بەشێك بەرپرسانی گۆڕان‌و یەكێتی كراوە بۆ پێكهێنانی سەركردایەتییەكەی نوێی هاوبەش لەنێوان باڵەكانی یەكێتی‌و گۆڕان، ئیسماعیل نامیق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ پێشنیازێكی لەو جۆرەیان بەدەستنەگەیشتووە.

گۆڕان‌و یەكێتی دوای نزیكەی ساڵێك گفتوگۆو كۆبوونەوە، لەرۆژی 17/5/2016 لەماڵی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی رێكەوتنێكی سیاسی 25 خاڵیان واژووكرد، هەمان رۆژ لەرێورەسمێكی فراواندا لەگراند میلینیۆم لەسلێمانی رێكەوتنەكە راگەیەنرا. 

لەڕێورەسمەكەشدا نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەوتەیەكدا لەبارەی رێكەوتنەوەكە رایگەیاند، "عیبرەت لەجێبەجێكرندایە"، كە ئەم قسەیەی نەوشیروان مستەفا تائێستا وەك خۆی ماوەتەوەو بەشێكی زۆری رێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە.

بەبڕوای جوان ئیحسان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، رێكەوتنەكە رانەگیراوە، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەیەوە  سست بووە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندنەوە بەشێك لەو سەركردانەی لە"ناوەندی بڕیار"دان لەناو ئەو لیژنانەدابوون، كە لەلایەن یەكێتی‌و گۆڕانەوە پێكهێنرابوون بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنە لەئێستادا كاركردنیان راگرتووە.

جوان ئیحسان رەتیكردەوە نییەتێك هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكە‌و راشیگەیاند "هەردوو باڵەكەی یەكێتی لەگەڵ ڕێكەوتنەكەدان‌و ئەگەر كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەربكرێن رێكەوتنەكە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت".