گەشە دارا رەتیدەكاتەوە "ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی فراكسیۆنی سەربەخۆ رابگەیەنێت

کوردستان

20/10/2016‌ 2076 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەشە دارا پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە "ناوەندی بڕیار"ی حیزبەكەی فراكسیۆنی سەربەخۆ رابگەیەنێت.

چەند زانیارییەك بڵاوبووەوە، گوایە ئەمڕۆ پێنج شەممە چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وەك "باڵی ناوەندی بڕیار فراكسیۆنێكی سەربەخۆ رادەگەیەنن".

لەو بارەوە گەشە دارا حەفید پەرلەمانتاری یەكێتی، كە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی ناوی هاتووە، گوایە لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەن فراكسیۆنی سەربەخۆ رادەگەیەنن، بۆ شارپرێس رەتیكردەوە، "هیچ بەرنامەیەكیان هەبێت، بۆ راگەیاندنی فراكسیۆنی سەربەخۆ لەپەرلەمانی كوردستان".

گەشە دارا، كە پشتگیری خۆی بۆ "پرۆژەكانی ناوەندی بڕیاری یەكێتی" دووپاتكردەوە، راشیگەیاند "ئەوان لەچوارچێوەی یەكێتی نیشتمانی دەمێننەوە، بەڵام هاوشێوی ناوەندی بڕیار پرۆژەیان دەبێت بۆ چاكسازی لەناو حیزبەكەیان".

ماوەیەكە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی رووی لەقووڵبوونەوە كردووە، بەهۆی قووڵبوونەوەی كێشەكانیش ئێستا ئەو حیزبە دابەشی دوو باڵ بووە، كە باڵەكان بریتین لە "باڵی ناوەندی بڕیارو باڵی دەسترۆیشتوو".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی جەختی لەوەش كردەوە، كە دەبێت ئاستی یەكێتی لەڕووی سیاسییەوە بگەڕێنرێتەوە، بۆ ئاستی جاران‌و ئەوەشی راگەیاند "ئەوان لەهەوڵەكانیان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامدەبن".

هــ ـ ح