پارتی رەتیدەكاتەوە كاندید بۆ شوێنگرەوەی زێباری دەستنیشان بكات

عیراق

20/10/2016‌ 1360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەتیكردەوە، هیچ كاندیدێك بۆ شوێنگرەوەی هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق دەستنیشان بكات.

بەشێكی زۆر لەمیدیاكانی عێراق لەزاری تاریق گەردی،  جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات لەئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ پێنج شەممە 20/10/2016 بڵاویكردەوە، كە ناوبراو لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە "حیزبەكەی لەهەفتەی داهاتوودا ناوی سێ‌ كاندید بۆ جێگرەوەی هوشیار زێباری پێشكەش بەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات بۆ دەنگدان لەسەر یەكێكیان".

لەو بارەوە تارق گەردی، لەمیانی لێدوانێكی بۆ شارپرێس رایگەیاند، هەموو ئەو دەنگۆیانەی بەناوی منەوە بڵاوكراونەتەوە، كە گوایە پارتی ناوی سێ‌ كاندید بۆ جێگرەوەی هۆشیار زێباری دەستنیشان دەكات "دوورن لەڕاستییەوە".

تارق گەردی راشیگەیاند، "ئەوان تائێستا ناوی هیچ كاندیدێكیان بۆ شوێنگرەوەی زێباری دەستنیشان نەكردووەو بەنیازیش نین بەم نزیكانە ناوی كەس پێشكەش بكەن".

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی  21/9/2016  بەهۆی ساغبوونەوەی چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی لەسەری، بەزۆرینەی دەنگ متمانەی لەهوشیار زێباری وەزیری دارایی سەندەوە، دواتریش زێباری ئەو هەنگاوەی بەسیاسی ناوبردو بەهەوڵێكی نوری مالیكی زانی بۆ  شكستپێهێنانی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی.

هاوكات فراكسیۆنی پارتیش لەئەنجوومەنی نوێنەران ئەو هەنگاوەی بەهەنگاوێكی سیاسی ناوبرد لەدادگای فیدرالیش لەسەر ئەو پرسە سكاڵای تۆماركرد، كە بەقسەی گەردی تا دادگا پرسەكە یەكلانەكانەوە، هیچ كاندیدێك بۆ شوێنگرەوەی زێباری دەستنیشان ناكەن.

هــ ـ ح

بەپەلە