پارتی داوای چارەسەركردنی كێشەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەكات

کوردستان

27/10/2016‌ 1017 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی  پارتی دیموكراتی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە رایگەیاند ناكرێت پرسی پۆستی پارێزگای سلێمانی بەو جۆرە بمێنێتەوەو دەبێت كاری پێویست بكرێت بۆ چارەسەركردنی بكرێت.

ئەو قسانەی ئەدهەم بارزانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ شاندێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، كە راشیگەیاندووە "ئەوان وەك فراكسیۆنی پارتی لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هاوكار دەبن بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە".

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لەكۆبوونەوەكە باس لەرەوشی سیاسی‌و كارگێڕی شاری سلێمانی‌و كێشەو پرسە هەنووكەییەكان كراوەو ئەدهەم بارزانی ئەوەشی راگەیاندووە "وەك پارتی هەر پڕۆژەیەك لەخزمەتی خەڵكی شاری سلێمانی بێت بەهەموو شێوەیەك پشتگیری‌و پێداگری لەسەر دەكەن".

هەر بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، كە سەرۆكایەتی شاندەكەشی كردووە بۆ كۆبوونەوەكە رایگەیاندووە "هەموو لایەكمان یەك دەنگبووین لەسەر ئەوەی رێگە چارەسەرێكی گونجاو بۆ بارودۆخەكە بدۆزینەوە".

هەروەها جەختكراوەتەوە لەمەولا لەنێوان فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەن‌و ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەپارێزگای سلێمانی هەماهەنگیەكی زیاتر هەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی ئاڵگۆری پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەنێوان كاندیدانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی لە 28 كێشە بۆ ئەو پۆستە دروستبووەو كێشەكەش تائێستا بەردەوامە.

هــ ـ ح