بەفەرمی داوای روونكردنەوە لەیەكێتی دەكەن
قسەكانی مەلا بەختیار بەرپرسانی گۆڕانی نیگەران كردووە

کوردستان

29/10/2016‌ 4617 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قسەكانی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕانی نیگەران كردووەو بزووتنەوەكەش بەفەرمی داوای روونكردنەوە لەو حیزبە دەكات.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 27/10/2016 مەلا بەختیار لەمیانی پانێڵێك باسی لەدۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانی كردو رایگەیاند "یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان بەگوێی حیزبەكانی نەكرد، بۆیە دۆخی سیاسی بەم رۆژە گەیشت".

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دراوە بەشارپرێس، ئەو قسانەی مەلا بەختیار بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕانی نیگەران كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تەنیا باسی لایەنێكی كێشەكانی كردووەو باسی تەواوی كێشەكانی نەكردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان بەرپرسانی گۆڕان سەرەڕای نیگەرانییەكانیان بەنیازن بەفەرمی داوای روونكردنەوە لەیەكێتی نیشتمانی بكەن، كە ئەو قسانە بۆچوونی خۆدی مەلا بەختیارە، یان گوزارشتە لەتەواوی سیاسەتی یەكێتی.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەمان رۆژی میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لەزاری سەرچاوەیەكی ناو بزووتنەوەكەیان بڵاویانكردەوە، كە بەم نزیكانە بەفەرمی وەڵامی مەلا بەختیار دەدەنەوە، كە قسەكانی "بەبێ‌ بنەما" ناوبردبوو.

مەلا بەختیار لەقسەكانی ئەوەشی راگەیاند، ئەگەر یوسف محەمەد، كە لەسەر پشكی گۆڕان پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە، كۆبوونەوەی نەكردایە بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوە دۆخی سیاسی هەرێم بەم رۆژە نەدەگەیشت.

هــ ـ ح