شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای لەهۆزە عەرەبو توركومانەكانی كردووە، هاوكارییان بكەن لەپاراستنی ئەمنییەتی شارەكە.
ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی لەكەركوكو ئەمڕۆ دوو شەممە 31/10/2016 لەگەڵ سەرۆكی هۆزە توركومانو عەرەبەكانی كەركوك كۆبووەوە، كە لەدوای كۆبوونەوەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
ئاسۆ مامەند، كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیشە لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاشكرایكرد، وەك یەكێتی داوایان لەو هۆزانە كردووە، هاوكارییان بكەن لەپاراستنی ئەمنییەتی شاری كەركوك.
لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لەكەركوك راشیگەیاند، هۆزە عەرەبەكانو توركومانەكان بەڵێنیان پێداون، كە هاوكاری تەواویان بكەن لەپاراستنی ئەمنییەتی شاری كەركوك، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی زۆرینە عەرەبو توركومانن لەشارەكە.
ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 21 ئەم مانگە كۆمەڵێك چەكداری داعش دزەیان كردە ناو شاری كەركوكو رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بوونەوە، كە دواتر ئەو چەكدارانە بەشێكیان لەناو كۆڵانەكانی عەرەبو توركومانەكانی شارەكە خۆیان حەشاردا.
هــ ـ ح