پارتی خۆی بۆ قۆناغی دوای گۆڕان ئامادەدەكات
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن گۆڕان لەحكومەتی هەرێم دەكشێتەوە

کوردستان

06/11/2016‌ 4107 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن بزووتنەوەی گۆڕان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكشێتەوەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ قۆناغی دوای بزووتنەوەكە لەحكومەتی هەرێم ئامادەدەكات.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو (3/11/2016) فراكسیۆنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك)، هەروەها رۆژی شەممەش 5/11/2016 جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.

كۆبوونەوەكان بۆ تاوتوێكردنی پرسی كشانەوەی بزووتنەوەكە بووە، لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارێزگای هەڵەبجەو سلێمانی.

بەپێی زانیارییەكان، كە لەچەند سەرچاوەیەك دراوە بەشارپرێس، لەناو گۆڕاندا سێ‌ بۆچوونی‌ جیاواز هەیە بۆ پرسی كشانەوەی بزووتنەوەكە لەحكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان، كە یەكێك لەبۆچوونەكان بەهێزترینە لەناو بزووتنەوەكەو زۆرترین دەنگی لەگەڵە.

هەر بەپێی زانیارییەكان بۆچوونێكیان لەگەڵ ئەوەیە دەست بەجێ‌ لەپەرلەمان‌و حكومەت‌و حكومەتی‌ خۆجێی‌ بكشێننەوە، بۆچوونی‌ دووەم لەگەڵ ئەوەیە لەهیچیان نەكشێنەوەو بارودۆخەكە وەك خۆی‌ بڕوات، هەرچی‌ بۆچوونی‌ سێیەمیشە پێی‌ باشە لەحكومەت بكشێنەوە، بەڵام لەپەرلەمان‌و حكومەتی‌ خۆجێی‌ پارێزگاكان بمێننەوە، كە ئەمە بۆچوونی بەهێزە لەناو بزووتنەوەكە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، زۆرینەی زۆری ئەندانانی فراكسیۆنەكان‌و جڤاتی گشتی گۆڕان لەكۆبوونەوەكانی رۆژی پێنج شەممەو شەممەی رابردوو لەگەڵ ئەوە بوون لەو حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێنەوە.

هەروەها هەردوو كۆبوونەوەكە یاداشتێكیان ئامادەكردووە لەبارەی بۆچوونیان لەكشانەوە لەحكومەت‌و بڕیارە بیخەنە بەردەم كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ بڕیاردان لەو بارەوە، كە شارپرێس ئەوەشی زانیوە، رۆژی 10 ئەم مانگە جڤاتی نیشتمانی، كە باڵاترین ناوەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕانە كۆببێتەوەو بڕیاری كۆتایی لەو بارەوە بدات، كە ئایا لەحكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان دەمێنێتەوە یان دەكشێتەوە.

گۆڕان بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی دیموكرات بەشداری لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بەچوار وەزارەت‌و دەستەیەك كردو بەپێی رێككەتنێكیش لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی بەشداری لەحكومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكانی هەڵەبجەو سلێمانیش كرد.

پێشتر شارپرێس لەهەواڵێكدا ئەوەشی بڵاوكردبووەوە، لەماوەی‌ چەند رۆژی‌ رابردوودا سەركردەكان‌و هەڵسوڕاوانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە بۆ یەكلاییكردنەوەی‌ بڕیاری‌ كشانەوە لەپەرلەمان‌و حكومەت.

لەمڕووەوە سەرچاوەكان بەشارپرێسی‌ وت: "لەكۆبوونەوەی‌ رۆژی‌ سێشەممەی‌ رابردووی‌ سەركردەو هەڵسوڕاوە دیارەكانی‌ گۆڕان، عوسمانی‌ حاجی‌ مەحمود سەركردەی‌ دیاری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆچوونی‌ سێهەمی‌ خستووەتە روو پێشنیاری‌ كردووە لەحكومەت بكشێنەوە، بەڵام لەپەرلەمان‌و حكومەتی‌ خۆجێی‌ بمێننەوە، چونكە ئەم دوو دامەزراوەیە بەدەنگی‌ راستەوخۆی‌ خەڵك پێی‌ گەیشتوون".

هاوكات پێشنیاریشی‌ كردووە دوای‌ كشانەوە لەحكومەت ئینجا دواتر بۆ پەرلەمان‌و حكومەتی‌ خۆجێیەتی‌ پارێزگاكان هەڵوێستی‌ دیكەیان هەبێت، سەرچاوەكە وتیشی‌: "ئەم بۆچوونە لەلایەن زۆرینەی‌ رەهای‌ بەشداربوانی‌ كۆبوونەوەكە پەسەندكراو بڕیاردا كاری‌ لەسەر بكرێت".

نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ گشتی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لەبەریتانیاوە پەیوەندی‌ بەسەركردەكانی‌ گۆڕانەوە كردووەو داوای‌ لێكردوون هەر بڕیارێك لەبارەی‌ كشانەوە هەڵبگرن بۆ دوای‌ شەڕەكەی‌ موسڵ بۆ ئەوەی‌ لەم كاتەدا كێشە ناوخۆییەكان زەق نەبنەوە. 

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی باڵا لەپارتی دیموكراتی كوردستان بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، كە پارتی دیموكرات ئەو هەوڵانەی بزووتنەوەی گۆڕانی بەجدی وەرگرتووەو ئامادەكاری بۆ دوای قۆناغی بزووتنەوەكە دەكات.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، پارتی بەنیازە لەچەند رۆژی داهاتوودا دەست بەگفتگۆ ناوخۆییەكان بكات‌و ئەو پرسە لەسەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی تاوتوێبكات، هەروەها لەگەڵ لایەنەكانی تریش بۆ هەمان مەبەست كۆدەبێتەوە، بەڵام هێشتا كاتی كۆبوونەوەكان دیارنییە.

پارتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كێشە كەوتە نێوانیان، كە بەهۆی ئەو كێشانەشەوە ماوەی ساڵێكە وەزیرەكانی گۆڕان لەحكومەت دوورخراونەتەوەو رێگریش لەسەرۆكی پەرلەمان دەكرێت بچێتەوە پەرلەمان، كە ئەو پرستە لای یوسف محەمەد لەپشكی گۆڕانە.

هـ ـ ح

بەپەلە