گۆڕان لەباڵی "ناوەندی بڕیار" نزیكدەبێتەوە
لەقسەكانی مەلا بەختیار نیگەرانەو داوای روونكردنەوەی لەباڵی "دەسترۆیشتوو"ی یەكێتی كردووە

کوردستان

07/11/2016‌ 7270 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان لەقسەكانی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نیگەرانەو داوای روونكردنەوەی لەباڵی "دەسترۆیشتوو"ی لەو حیزبە كردووە، هەروەها بەنیازیشە لەباڵی "ناوەندی بڕیار"ی یەكێتیش خۆی نزیكبكاتەوە.

لەچەند رۆژی رابردووداو لەدوو دەركەوتنی جیاوازدا، مەلا بەختیار قسەی لەسەر دۆخی هەرێم كردو لەقسەكانی رەخنەی لەبەرپرسانی گۆڕان گرت، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، بزووتنەوەی گۆڕان لەو قسانەی مەلا بەختیار زۆر نیگەران بووە، بۆیە داوای روونكردنەوەی لە "باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی كردووە"، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی لەسەر ئەو باڵە ئەژماردەكرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە شارپرێس لەچەند سەرچاوەیەكی ناو گۆڕان دەستیكەوتووە، داوای روونكردنەوەكەی گۆڕان لەباڵی "دەسترۆیشتووی یەكێتی بەشێوەیەك بووە، كە ئایا ئەو قسانەی مەلا بەختیار رای تاكە كەسی خۆیەتی، یان بۆچوونی فەرمی یەكێتی‌و باڵەكەیە".

مەلا بەختیار لەو دوو دەركەوتنەدا باسی لەوە كرد، كە یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لەپشكی گۆڕان بەقسەی حیزبەكانی نەكردووەو كۆبوونەوەی پەرلەمانی كردووە، بۆیە دۆخەكە بەم رۆژە گەیشتووە، هەروەها باسی لەوەش كرد، "كە بەرپرسانی گۆڕان پشكیان لەپاڵاوگەی بازیان هەیەو بازرگانی دەكەن".

هاوكات شارپرێس ئەوەشی زانیوە، ئێستا لەناو گۆڕان بۆچوونێك دروستبووە، كە زۆرینەش پشتگیری دەكەن، خۆیان لەباڵی "ناوەندی بڕیاری یەكێتی نزیكبكەنەوە"، ئەوەش بەهۆی ئەوەی "باڵی دەسترۆیشتووی ئەو حیزبە لەپرسەكاندا هەڵوێستیان زۆر روون نییە".

ئەم هەڵوێستەی گۆڕان لەكاتێكدایە، كە بزووتنەوەی گۆڕان لە 17/5/2016وە رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی واژووكردووە، رێككەوتنەكەش بەردەوامی هەیە، چەندین جاریش گۆڕان لەگەڵ هەردوو باڵەكەی یەكێتی رێككەوتنی كردووە، نەك تەنیا باڵێكی ئەو حیزبە.

سەرچاوەكان باسیان لەوەش كرد، بەرپرسانی گۆڕان ئەوەیان بۆ روونبووەتەوە "باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی، كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە سەرۆكایەتی دەكات، زۆر بەدەمەوە هاتنیان نەبووە بۆ رێككەوتنە سیاسییەكەیان، بۆیە گۆڕان دەیەوێت خۆی لەباڵی ناوەندی بڕیار نزیكبكاتەوە، كە كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵحی جێگری سكرتێری گشتی سەرۆكایەتی دەكەن"، كە بەشێكی زۆری گەنجان‌و ئەندامانی ژوور و پەرلەمانتاران پییانباشە بزووتنەوەكەیان لەناوەندی بڕیار نزیك بێت.

هـ ـ ح