گۆڕان: یەكێتی تووشی كەرتبوون بووە
"كەرتبوونەكە كاریگەری لەسەر ڕێكەوتننامەی یەكێتی‌و گۆڕان كردووە"

کوردستان

08/11/2016‌ 1745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند بەداخەوە یەكێتی نیشتمانی تووشی كەرتبوون بوو، ئەوەش كاریگەری كردووە لەسەر ڕێكەوتننامەی یەكێتی‌و گۆڕان.
 
ڕەئوف عوسمان، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هەفتەنامەی باس، كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە 8/10/2016 بڵاویكردووەتەوە، راشیگەیاندووە گۆڕان بەیەك مەسافە لە نێوان هەردووباڵی یەكێتی كاردەكات‌و  "هەوڵی زۆریشمان داوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكەین".

لەبارەی ئەگەری كشانەوەی گۆڕان لەحكومەتی هەرێم، سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان رایگەیاندووە، ئەوان بۆچوونی خۆیان داوە بەجڤاتی نیشتمانی‌و بڕیارە جڤاتی نیشتمانیش لەو بارەوە بڕیاربدات.

ڕەئوف عوسمان، ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە مەرج  نییە لەو ماوەیەدا جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری  كشانەوە لەحكومەت بدات‌و ئەوەشی راگەیاندووە "تائێستا هیچ شتێك لەبارەی بوون بەئۆپۆزیسیۆن، یان مانەوە لەحكومەت لەناو گۆڕان گەڵاڵە نەكراوە".

هەروەها جەختی لەوەش كردووە، كە ئەگەر تائێستا لەحكومەت نەكشاونەتەوە بۆ دانی دەرفەتێك بووە بەپارتی دیموكرات‌و ئامادەیی بزووتنەوەكەشی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو حیزبە دەربڕیوە.

هــ ـ ح