مامەڵەكردنی بەغدا لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم
فراكسیۆنی پارتی: دەچێتە خانەی خیانەت و خۆفرۆشییەوە

عیراق

12/11/2016‌ 1095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی پارتی  لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دژایەتی خۆی بۆ مامەڵەكردنی حكومەتی بەغدا لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت و دەڵێت‌ "ئەوە خیانەتە لە سەربەخۆیی".

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمرۆ شەممە 12/11/2016 راگەیەنراوێكی لەبارەی دۆخی ژیانی مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان بڵاوكردەوەو تێیدا رایگەیاندوە، درك بە بارگرانی ژیانی خەڵك دەكەن و لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی داراییەوە تاوەكو ئێستاش، لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان، بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە بە بەردەوامی لە پرس و راوێژدان، لە هەمانكاتیشدا درك بەو مەترسییانە دەكەن، كە لە پەنای داوای رەوای خەڵكەوە، خەریكی جێبەجێكردنی ئەجێندای مەترسیداری خۆیان و نەیارانی سەربەخۆیی كوردستانن".

فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستۆتەروو هەندێك لایەن "یاری بەسۆزی خەڵك دەكەن و خەریكی شاردنەوە و جێبەجێكردنی ئەو ویستە مەترسیدارەن".
ئاماژەی بەوەشكردوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی داوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندجارێك شاندی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە "ئەوەش دەربڕینی نیازپاكییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە هەن، تاوەكو كۆتایی بەو بارگرانییە بهێنرێت كە بەهۆی بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، پەڕیوەتەوە نێو ژیانی خەڵكی كوردستان".

باسی لەوەش كردووە "بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا، لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە داوایەك لە بەغدا كراوە، ئەگەر رێككەوتنی ئەمدواییەی نێوان هەولێر و بەغدا سەری نەگرت، ئەوا بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكاندا بكات، ئەمەش بە هەموو پێوەرێك راوەستانەوەیە لە دژی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و دژی ئەو هەموو شەهید و قوربانیانەیە، كە گەلەكەمان لەو پێناوەدا بەخشیونی".

فراكسیۆنی پارتی ئەو داواكارییانە بە دژایەتی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان ناودەبات و رایدەگەیێنێت ، ئەوان بە هەموو لایەك و بەتایبەتی ئەو لایەنانەی كە ئەو داوایەیان ئاراستەی بەغدا كردووە، رایدەگەیێنین یاریكردن بە چارەنووسی خەڵكی كوردستان و دژایەتیكردنی خەباتی گەلی كوردستان و بێبەها سەیركردنی خوێنی شەهیدان و ئەنفال و قوربانییەكانمان، دەچێتە خانەی دژایەتیكردنی راستەوخۆی تەواوی خەڵكی كوردستان و مێژووە خوێناوییەكەیەوە، هەروەها دەچێتە خانەی خیانەت و خۆفرۆشییەوە و بۆ كەس ناچێتە سەر".

ئەمرۆ مامۆستایانی ناڕازی بە خۆپیشاندان چونە بەردەم نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەوتەیەكدا بۆ مامۆستایان رایگەیاند ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ناوەند نەگاتە رێكەوتن بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان ئەوا هەوڵدەدەن حكومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات.

 

ر ـــ ح