پارتی بەفەرمی مامەڵەی راستەوخۆی عێراق بەپارێزگاكانی هەرێم رەتدەكاتەوە

عیراق

14/11/2016‌ 1215 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵەبجەو سلێمانی مامەڵەی راستەوخۆی حكومەتی ناوەندی لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم رەتكردەوەو رایگەیاند "هەر حیزبێك بۆچوونەكەی ئارام شێخ محەمەدی هەبێت، دەبێت لێرە باربكات".

ئەدهەم بارزانی لەمیانی لێدوانێكی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی، ئەمڕۆ دوو شەممە 14/11/2016 راشیگەیاند "ئومێدەوارم ئەو بۆچوونەی (ئارام شێخ محەمەد) جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، كە لەناو خۆپێشاندەران باسی لێوە كرد، بۆچوونی (نەوشیروان مستەفا)و سەركردەكانی تری بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت‌و خۆیان لەم بۆچوونە بێبەری بكەن‌و تەنیا بۆچوونی خۆی بێت".

بەقسەی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی "ئەمە بۆچوونێكی زۆر شازە، نابێت هیچ بزاڤ، یان حیزبێكی كوردی بۆچوونێكی وا دەرببڕێت، چونكە ئەمە بۆچوونی عەرەبە شۆڤێنییەكان بووە بەدرێژایی مێژوو لەو رۆژەوەی خاكمان دابەشكراوە."

ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەكەی وەرگرتووە، ١٢ـی ئەم مانگە لەپێشوازیێكی ڕێكخراوی پێشوەختەدا لەمامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی داواكاری خۆپیشاندەران بەدەسەڵاتدارانی عێراق بگەیەنین"، كە جەختیكردەوە ئەگەر كێشەی نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عێراق چارەسەرنەكراو هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بەو رێككەوتنە، ئەوا "حكومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات".

ئەدهەم بارزانی جەختیشی كردەوە: "ئەم بۆچوونە شوێنی نابێتەوە لەناو جەماوەری كوردستاندا، هەر بزاڤ‌و حیزبێكیش ئەم بۆچوونەی هەبێت دەبێت بار بكات لەناو ئەم میللەتەو ئەو دەریایە خوێنە پڕ لەشانازییە ڕاژوەی بۆ ئازادیی ئەم خاكە پیرۆزە ڕژاوە".

هـ ـ ح