باڵەكانی یەكێتی لەسەر داوای ئێران "بێدەنگ دەبن"

کوردستان

14/11/2016‌ 1168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاڵاو عەلی عەسكەری، وتەبێژی باڵی "ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند لەلایەن ئەوانەوە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی‌و لەباڵی "زۆرینە"ش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و پاڤێڵ تاڵەبانی راسپێردراون بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكدی، ئاشكراشیكرد "لەسەر داوای ئێران‌و بەشێوەیەكی كاتی، هەردوولا بێدەنگبوونیان هەڵبژاردووە".

هەفتەنامەی رووداو بڵاویكردەوە، مانگێك لەمەوبەر باڵی "زۆرینە"ی مەكتەبی سیاسی بەسەرۆكایەتی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی‌و ئامادەبوونی 33 ئەندام لەكۆی 51 ئەندام، كە ئەندامانی "ناوەندی بڕیار"ی تێدا نەبوون كۆبوونەوە، دواتریش بڕیاریاندا مەلا بەختیار راسپێرن بۆ ئەوەی سەردانی كۆسرەت رەسوڵ بكات تاوەكو وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی یەكێتی دیاریبكات.

دوو هەفتە لەمەوبەریش مەلا بەختیار سەرۆكایەتی شاندێكی یەكێتی لە "باڵی زۆرینە" كردو سەردانی كۆماری ئیسلامییان كرد، دوای گەڕانەوەشیان مەلا بەختیار سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كرد بۆ روونكردنەوەی مەبەستی سەردانەكە.

ئەندامێكی سەركردایەتی لە "باڵی زۆرینە" بەهەفتەنامەكەی راگەیاندووە "پێدەچێت لەو سەردانەدا مەلا بەختیار داوای لەكۆسرەت رەسوڵ كردبێت بانگهێشتی ئەندامانی سەركردایەتی بكات بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی، كە ناوی بڵاونەكراوەتەوە، راشیگەیاند "لەبەرئەوەی لەكۆبوونەوەی پێشتری سەركردایەتیدا مەلا بەختیار بۆ ئەو كارە راسپێردرا، رەنگە لەو كۆبوونەوەیەیدا لەگەڵ كاك كۆسرەت ئەو داوایەشی لێكردبێت، بۆیە ئێستا دەبێت كاك كۆسرەت كاتی كۆبوونەوەكە دەستنیشان بكات".

بەڵام شاڵاو عەلی عەسكەری، وتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەكێتی بۆ هەمان هەفتەنامە رایگەیاندووە "نەمانبیستووە مەلا بەختیار ئەو داوایەی لەكاك كۆسرەت كردبێت"، رەتیشیدەكەینەوە "مەلا بەختیار داوا لەكاك كۆسرەت بكات بۆ بانگهێشتی ئەندامان بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی، بەڵكو دەبێت كاك كۆسرەت ئەو داوایە بكات".

كۆسرەت رەسوڵ بەنیاز نییە داوا لەئەندامان بكات بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی؟ شاڵاو عەسكەری لەو بارەوە وتی" "نەخێر، لەبەرئەوەی تا رێكنەكەوین، كۆبوونەوەی چی بكەین؟".

لەسەرەتای دروستبوونی باڵی "ناوەندی بڕیار"ەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بەنێوەندگیری لەنێوان هەردوو باڵەكە كردووە بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكەن، سەركردەكەی باڵی "زۆرینە" وتی "بەهۆی نێوەندگیریی ئێرانەوە هەست بەهێوربوونەوەیەك لەهەردوولا دەكرێت، بەتایبەتیش هیچ لایەك لێدوانی توند نادەن".

بەڵام وتەبێژەكەی ناوەندی بڕیار رەتیكردەوە هێوربوونەوە هەبێت‌و وتی: "ئەوە هێوربوونەوە نییە، بەڵكو لەسەر داوای ئێران بەشێوەیەكی كاتی هەردوولا بێدەنگین بۆ ئەوەی بوار بەچارەسەر بدرێت، بێدەنگییەكەی ئێمەش تا چەندێك دەخایەنێت ئەوە كاك كۆسرەت‌و بەرهەم ساڵح بڕیاری لەسەر دەدەن".

لەماوەی رابردوودا وا بڵاوكرایەوە، كە هەریەك لەكۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم كۆبوونەوەیان كردووە، شاڵاو عەلی عەسكەری جگە لەپشتڕاستكردنەوەی ئەو كۆبوونەوەیە، وتیشی "هەر لەسەر داوای ئێران چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان كاك كۆسرەت‌و هێرۆخان كراوە، كۆبوونەوەكانیش خراپ نین، بەڵام هەر موجامەلەی یەكدی بوون‌و هیچ بەرەوپێشچوونێكی تەواو بۆ چارەسەری كێشەكان نەبووە".

شاڵاو عەلی عەسكەری هەروەها وتی: كێشەی ئەوان كێشەی شەخسی نین "كێشەی بیروبۆچوون‌و فیكرو قووتی خەڵكە، كێشەی بەغداو پەیوەندییەكانی پارتی‌و گۆڕان‌و ئێرانە، لەبەرئەوە چارەسەركردنی كێشەكان كاتیان دەوێت".

لەو كۆبوونەوانەی لەنێوان كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەددا كراون، بەرهەم ساڵح، كە جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتییە، بەشداری نەكردووە، شاڵاو عەلی عەسكەری هۆكاری ئەوەی روونكردەوەو وتی: "لەبەرئەوەی ئێمە كاك كۆسرەتمان راسپاردووە بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆ، ئەوانیش هێرۆخان‌و پاڤێڵ تاڵەبانییان بۆ قسەكردن لەگەڵ باڵی ناوەندی بڕیار راسپاردووە".

سەبارەت بەكاتی كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی یەكێتی، بەپێی راگەیەنراوەكەی دوایین كۆبوونەوەی "باڵی زۆرینە" دەستنیشانكردنی كاتەكەی بەكۆسرەت رەسوڵ سپێردراوە، شاڵاو عەلی عەسكەری وتی: "دوای رێككەوتن لەسەر هەموو كێشەكان، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، یان سەركردایەتی دەكرێت، بەڵام ئەگەر رێكنەكەوین، كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتیش بەنادیار دەزانم".

دوای دروستبوونی باڵی ناوەندی بڕیار، لیژنەیەك بۆ گفتوگۆی كێشەكان لەنێوان هەردوولادا دروستكران، بەڵام وەكو شاڵاو وتی "لیژنەكە دوو كۆبوونەوەی كرد، كۆبوونەوەكانیش بەبنبەست گەیشتن‌و لیژنەكە كۆتایی هات، چونكە كۆبوونەوەكان كاتی خۆپیشاندانەكان بوون‌و ویستیان بەو كۆبوونەوانە كات بكوژن".

هاوكات سەركردەكەی باڵی "زۆرینە" وتی: "راستە ئەو لیژنانە كۆبوونەوەیان كردووەو ئەوەندەی بزانین لەسەر دوو تەوەر رێككەوتن، یەكێكیان قسەنەكردن بۆ میدیاو ئەوەی دیكەش قسەنەگوتن بەیەكدی، بەڵام نەمانبیستووە كارەكانیان بەبنبەست گەیشتبن".

وتەبێژی باڵی "ناوەندی بڕیار" بێئومێد نییە لەچارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ "باڵی زۆرینە"و دەڵێت: "هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكان بەردەوامن‌و بیری جیابوونەوەش لای هیچمان نییە".

هـ ـ ح