عەبدوڵای مەلا نوری پشتگیری پرۆژەكەی ئارام شێخ محەمەد دەكات

عیراق

14/11/2016‌ 2013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدوڵای مەلا نوری ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان وەڵامی لێدوانەكەی ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی دەداتەوەو دەڵێت" هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە رێگەی بەغداوە راو پرۆژەی گۆڕانە".

عەبدوڵای مەلا نوری ئەمرۆ دوو شەممە 14/11/2016 لە وەڵامی لێدوانێكی ئەدهەم بارزانی كە وتبوی هەر حزبێك پرۆژەی گەڕانەوەی بۆ بەغدا هەبێت دەبێت باربكات، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك  نوسیویەتی"بەڵی كاك ئەدهەم هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە رێگەی بەغداوە راو پرۆژەی گۆڕانە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، هەوڵدان بۆ كۆتاییهێنان بە دزینی داهاتی نەوت و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە، جا لە رێگەی بەغداوە بێت یان هەر وڵاتێكی دیكەوە،‌‌ بەڵی ستراتیجی گۆڕانە.

عەبدوڵای مەلا نوری لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا رایگەیاندوە، ‌‌هەوڵدان بۆ هەڵماڵینی روی راستەقینەی وتاری درۆزنانەی كوردایەتی و سەربەخۆی و ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردی، لە لایەن نەوتفرۆشەكانی شەریكی ئالی ئۆردۆگانەوە، راو پرۆژەی گۆڕانەو رێگری لە پرۆژەی بە سعودیەكردنی هەرێمی كوردستان، بەڵی رێگری لە حوكمی خێڵ و بڕیاری دیوەخان، پرۆژەو ستراتیجی گۆڕان.

جەختیشدەكاتەوە،ئەوەی دەبێت ئەم وڵاتە چۆڵ بكات گۆڕان و بیری گۆڕان نیە، بەڵكو تەعەسوب و بیری تەسكی ئێوەیە، " مەبەستی ئەدهەم بارزانیە"

وەڵامەكەی عەبدوڵای مەلا نوری دوای ئەوەدێت ئەمرۆ ،ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی رایگەیاندبوو "ئومێدەوارم بۆچوونەكەی (ئارام شێخ محەممەد) تەنیا هی خۆی بێت نەك هی نەوشیروان مستەفا و سەركردەكانی تری گۆڕان، چونكە ئەم بۆچوونە لەناو جەماوەری كوردستاندا جێی نابێتەوە، هەر بزاڤ و حزبێكیش ئەم بۆچوونەی هەبێت، دەبێ لەناو ئەم میللەتە بار بكات". 

ر ــــ ح