میدیای یەكێتی:پارتی رێگری لەمیوانانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەكات

کوردستان

14/11/2016‌ 1316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بە پێی هەواڵێكی پێگەی ئەلكترۆنی پیوكەی میدیا،ماوەی دوو رۆژ زیاترە بەبێ هۆ لەبازگەی  دەروازەی سنووری فیشخاپوور، رێگەبە عیمادەدین موسا نووسەر و رۆژنامەنووسی بواری ئەدەبی نادرێت لە رۆژئاوای كوردستانەوە بێتە هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە فیستیڤاڵی گەلاوێژ.

سامی داود لە لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ راگەیاندوە، ئەو رۆژنامەنووس و نوسەرە بەرەسمی دوو بانگهێشتینامەی بۆكراوە لەلایەن لیژنەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ و لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانەوە و یەكێكە لە رۆژنامەنووسە چالاكەكانی هەرچوارپارچەی كوردستان، ماوەی 8 ساڵیش سەرنوسەری  گۆڤاری " ابابیل" بووە ك تایبەتە بە شیعر و لە بواری ئەدەبی و رەخنەی ئەدەبی و شیعر دا كاردەكات.

ئاماژەی بەوەشكردوە، عیمادەدین موسا، لەكاتی هاتنی بۆ دەروازەی سنووری فیشخاپور لەلایەن دەروازە سنوورییەكەوە كە هێزە ئەمنییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێیە رێگری لێكراوە و نەیانهێشتووە بێت.

بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ ، ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە لە لایەن فێستیڤاڵەوە بە بانگهێشتی رەسمی میوانداری كرا ، بەڵام بەهەمان شێوە لەكاتی هاتنی بۆ باشوری كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دەروازەی فیشخاپورەوە رێگری لێكرا.

وتیشی: وەك لیژنەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ پەیەندییان بەو رۆژنامەنووسەوە كردوە بۆ زانینی هۆكاری رێگری لێكردنی ئەو پێی راگەیاندون كە بازگەی دەروازە سنوورییەكە هیچ هۆكارێكی پێ ناڵێن و دوای هێنان و بردنێكی زۆر و دوو رۆژیی پێیان وتووە رێگەت پێ نادەین.

  فێستیڤاڵی ئەمساڵی گەلاوێژ لە ژێر ناوی " ئەقڵی ئازادی نەوەكی رۆشنگەر "دایە و لە 20-23/11ی ئەمساڵ لە شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت.

ر ـــ ح