پەرلەمانتارێكی پێشوی گۆڕان وەڵامی قوباد تاڵەبانی و مەلا بەختیار دەداتەوە

کوردستان

20/11/2016‌ 7403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەدنان عوسمان ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی قسەكانی قوباد تاڵەبانی و مەلا بەختیار لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەداتەوەو دەڵێت، ستایشی بەرپرسانی یەكێتی بۆ ئاراستە پیشەییەكانی نارەزایەتیەكان، ترس و وەحشەتە لەوەی نارەزایەتیەكان لە بری پرسی قووت، ببێتە پرسیار لەسەر قووتبڕەكان، كە یەكێتی سەهمێكی گەورەی لە برەودان بەو سیاسەتەدا هەیە.

عەدنان عوسمان لەوتارێكدا كە ئەمرۆ یەكشەممە 20/11/2016 بڵاویكردۆتەوە رەخنەی لە قوباد تاڵەبانی گرتوەو دەڵێت لەبری هەوڵدان بۆكۆبونەوە لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران و بەدیهێنانی داواكارییەكیان تەنها دڵی بەوە خۆشە كە رێڕەوی خۆپیشاندانەكان سنوری داواكاری پێشەیی و مەدەنی نەترازاندوە.

بە بڕوای عەدنان عوسمان قسەكانی قوباد تاڵەبانی وەك قسەی دوكاندارێك، سایەق تەكسیەك، هاوڵاتیەكی ئاسایی بون، نەك كەسی یەكەمی ئیداری ناوچەكە. كەپێی ئەچێت هەر ئەو سنور نەبەزاندنە جێگای دڵخۆشی بێت، كە مورتاحانە لە پشتی سیاسەتی هەژاركردن و برسیكردنی هاوڵاتیانەوە بە بێدەنگی وەستاوە.

هەروەها لەبارەی قسەكانی مەلا بەختیاریشەوە ئاماژەی بەوەكردوە، مەلا بەختیار عەیبەیەكی سیاسی گەورەیە كە خۆی، زۆرینەی تەمەنی حزبایەتی لە یەكێتیدا، لە هەنگاونان بەرەو حزبی كردنی سەرجەم رێكخراوە پیشەییەكان و دەزگا مەدەنیەكان بردەسەر و، تەنها بەو ئاراستەیە كاری كردوە، ئێستا باس لە دەستی حزب ئەكات، وەك ئەوەی حزب شتێكی قێزەونی كەم بایەخ بێت، وەك ئەوەی حزب بالاترین دامەزراوەی ئابوری و سیاسی ئەم وڵاتە نەبێت. 
رونیشیكردۆتەوە، ئەم تقدیس و تەمجیدەی بەرپرسانی یەكێتی بۆ ئاراستە پیشەییەكانی نارەزایەتیەكان، تەنها رەنگدانەوەی دەستەپاچەیی و بێئاسۆیی ئەم حزبەیە لە چارەسەر كردنی كێشەكان لە لایەك، و لە لایەكی ترەوە ترس و وەحشەتە لەوەی نارەزایەتیەكان لە بری پرسی قووت، ببێتە پرسیار لەسەر قووتبڕەكان، كە مەعلومە یەكێتی سەهمێكی گەورەی لە برەودان بەو سیاسەتەدا هەیە و، لانی كەم هیچ هەنگاوێكی ئیجابی نەناوە، نە لە ناوچەی خۆی و نە لە كابینەكەو نەلەسەر كۆمپانیا حزبیە زەبەلاحەكانیان، كە بڕیارە پارەكانیان لە ژێرخانەكانیان سەفتە كردبێت.

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان دەشڵێت هەست دەكرێت قسەی هەردوو بەڕێز لە دەستێوەردانی حزبی، دەستی گۆڕان بێت. جا لەو بارەوە پێویست بە هەندێك رونكردنەوە ئەكات.

ئەگەر هەر ئیشەكە بە سوپاسیش تەواو ئەبێت و ( احسن اللە اجركم)ە، ئەوا هەق وابوو سوپاسی هەستی بەرپرسیارێتی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاوەكانیشی بكەن، كە نە هەوڵیان داوە خۆپیشاندانەكان بە حزبی بكرێت و نە ئاراستە مەدەنیەكەشی بگۆڕدرێت، كە خۆتان ئەزانن ئەوە بۆ گۆڕان كارێكی قورس نیە، بەڵام دژ بە پرەنسیپەكانیەتی.

ر ـــ ح