وەڵامی لایەنەكان بۆ پەیامەكەی بارزانی
یەكێتی دیراسەی دەكات، گۆڕان لەداهاتوویەكی‌ نزیكدا هەڵوێستی خۆی دەخاتەروو

کوردستان

21/11/2016‌ 1119 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی دیراسەی پەیامەكەی بارزانی دەكات و دوای گەڵاڵەكردنی بۆچونی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی وەڵامدەداتەوە. بزوتنەوەی گۆڕانیش لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵوێستی خۆی دەخاتەروو.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پەیامەكەی مەسعود بارزانی بۆ لایەنە سیاسیەكان  ئەمرۆ دوو شەممە 21/11/2016بە پێگەی فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە،"وەك یەكێتی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانمان پێ گرنگە تا بۆ قۆناغی دوای داعش تەگبیرێك بكەین".

پیرە، سەبارەت بە پێشنیازەكانی بارزانیش وتویەتی، پێویستە دیراسەی بكەین و كۆبوونەوەیەكی لەسەر بكەین و بۆچونێكی گشتگیری یەكێتی رابگەیەنین، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ مەكتەبی سیاسی  راوبۆچون دەگۆڕینەوە تا بۆچونێكی هاوبەش گەڵاڵە بكەین و بەمنزیكانەش وەڵامدەدەینەوە.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاندوە: مەسعود بارزانی لە پەیامەكەیدا باسی سێ سەرۆكایەتییەكەی كردوە، ئەوەش بابەتێكی هەستیارەو پێویستی بەدیراسەكردنە تا دواتر هەڵوێستی خۆمان رابگەیەنین.

مەسعود بارزانی رۆژی یەكشەممە پەیامێكی ئاراستەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی پەیامەكەیان داوەتەوەو بە پێویستی دەزانن بكرێتە دەرفەتێك بۆ كۆبونەوەی لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكان.

سەبارەت بە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانیش د. شۆڕش حاجی‌ وتەبێژی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، بە كەی ئێن ئێنی‌ راگەیاندوە: بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە داهاتوویەكی‌ نزیكدا، خوێندنەوەی‌ خۆی‌ بۆ بارودۆخی‌ هەرێم و قوڵبوونەوەی‌ قەیرانە سیاسی‌ و داراییەكان لەسەر ژیانی‌ هاوڵاتییانی‌ هەرێم و مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات و هەڵوێستی‌ خۆی‌ لەو بارەیەوە بۆ ڕای‌ گشتی‌ بڵاودەكاتەوە. 

ئاماژەی‌ بەوەشداوە: بزوتنەوەی‌ گۆڕان، بەرژەوەندییەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان و چۆنێتی‌ چارەسەركردنی‌ قەیرانەكان لەپێناو باشكردنی‌ ژیان و گوزەرانیان، دەكاتە بنەماو لەبەر رۆشنیایی‌ ئەو بنەمایە، هەڵوێستی‌ خۆی‌ لە داهاتوویەكی‌ نزیكدا دەخاتەڕوو. 

ر ـــ ح