گۆڕان وەڵامی پەیامەكەی مەسعود بارزانی دەداتەوە
گۆڕان: دانانی مەرجی پێشوەخت بۆ دانوستان گوزارشت لە نیازپاكی ناكات

کوردستان

24/11/2016‌ 2078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزوتنەوەی گۆڕان ئەمرۆ پێنج شەممە 24/11/2016 لە راگەیەنراوێكدا بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان، وەڵامی پەیامەكەی مەسعود بارزانی دەداتەوەو دەڵێت، دانانی مەرجی پێشوەخت بۆ دانوستان گوزارشت لە نیازپاكی ناكات.

بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاندوە،رای ئەوان وایە كە سەرەتا دەبێ لە كێشە بنچینەییەكانەوە دەستپێبكرێت، كە ئەویش چارەسەركردنی بژێوی خەڵك‌و ساغكردنەوەی  پۆستی سەرۆكی هەرێمە نەك سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە بەپێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ كاری خۆیان بە شێوازێكی سەركەوتو ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشكردوە،بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانی دارایی‌و دابینكردنی بژێوی هاوڵاتیان‌و سەرلەنوێ داڕشتنەوەو رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی لەم هەرێمەدا ئامادەی هەمو هەنگاوێكی كرداری‌و راستەقینەیە. بۆ ئەم مەبەستەش بزوتنەوەی گۆڕان بە پرۆژەوە بەشداری لەم هەوڵەدا دەكات.

ئەمەش دەقی راگەیەنراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە:

ڕاگەیەندراوێك بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان
لەكاتێكدا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە خراپترین دۆخی داراییدان‌و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی بژێوی ژیان دەدەن، خەمی گەورەی بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەری كێشەی بژێوی هاوڵاتیان‌و موچەی سەرجەم موچەخۆرانە. بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان دەستەوەستانە لە ئاست چارەسەركردنی قەیرانە دارایی‌و ئابورییەكان. سەرەڕای ئەمەش لە چەندین كێشەی تری سیاسی‌و ئیداری‌و یاساییدا نەیتوانیوە بچوكترین رۆڵی بۆ چارەسەر هەبێت. 
سوربون لەسەر مانەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بە شێوازێكی نایاسایی سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانەو ئەمەش كێشەكانی تری وەك پەكخستنی پەرلەمان‌و بنكۆڵكردنی حكومەتی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا. لەو كاتەوە هەمو دڵسۆزانی گەلەكەمان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەر دابون. بەداخەوە نە پرۆژەو پێشنیارەكان سودیان هەبوو نە گوێ لە هیمەتی خەمخۆران گیرا، بۆیە دۆخەكە بەمڕۆ گەیشت.
لە ئێستادا خەڵكی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان‌و راپەڕین‌و قەزای كۆیە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانیان دێنە سەر شەقام‌و ناڕەزایەتییەكانیان بەشێوازێكی شارستانییانە دەردەبڕن. بەڵام خەڵكی قارەمان‌و خۆڕاگری پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك كە بە دەست هەمان زوڵم‌و ناعەدالەتیەوە دەناڵێنن، بەهۆی ئیرهابی فیكری‌و ترس‌و تۆقاندن ناتوانن هاوشێوەی خوشك‌و براكانیان لە ناوچەكانی تر لە دژی سیاسەتی برسیكردن‌و تاڵانكردنی سامان‌و داهاتی ئەم هەرێمە دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بكەنەوە. 
بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە تەئكیدی كردۆتەوە كە دانانی مەرجی پێشوەخت بۆ دانوستان گوزارشت لە نیازپاكی ناكات. رای ئێمە وایە كە سەرەتا دەبێ لە كێشە بنچینەییەكانەوە دەستپێبكرێت، كە ئەویش چارەسەركردنی بژێوی خەڵك‌و ساغكردنەوەی  پۆستی سەرۆكی هەرێمە نەك سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە بەپێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ كاری خۆیان بە شێوازێكی سەركەوتو ئەنجامداوە. 
بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانی دارایی‌و دابینكردنی بژێوی هاوڵاتیان‌و سەرلەنوێ داڕشتنەوەو رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی لەم هەرێمەدا ئامادەی هەمو هەنگاوێكی كرداری‌و راستەقینەیە. بۆ ئەم مەبەستەش بزوتنەوەی گۆڕان بە پرۆژەوە بەشداری لەم هەوڵەدا دەكات‌. 

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٤/١١/٢٠١٦